ئێرانجیهان

فەرماندەیەکی دەریایی ئێران: ئەگەر ئەمریکا دەوێرێت…


جێگری بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی دەریایی سوپای ئێران، هەڕەشە لە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەگەر ئەمریکا دەوێرێت با لە کەناراوەکانی جاسک و تەنگەی هورمز نزیک ببێتەوە، چونکە لەوێ “تێکدەشکێنرێن”.

 

رۆژی شەممە، 14ـی ئاداری 2026، فەرهاد فەتاحی، وردەکاریی نوێی لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکاوە بۆ سەر کەشتیی جەنگی “دێنا” ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کەشتییەکە بۆ ئەرکێکی مەشقی و بەشداری لە مانۆڕێکی ئاشتی و دۆستانە لە هیندستان بەڕێکەوتبوو، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا لە باشووری سریلانکا، رووبەڕووی “هێرشێکی تیرۆریستی”ـی ئەمریکا بووەوە.

 

فەتاحی ئاماژەی بەوە کرد، کەشتیی جەنگیی دێنا بە تەنیا بووە و دوورییەکەی لە کەناراوەکانی ئێران نزیکەی دوو هەزار میلی دەریایی بووە، هەر بۆیە نەتوانراوە پشتیوانیی سەربازی بۆ بنێردرێت. هەروەها سوپاسی هاوکارییەکانی سریلانکای کرد بۆ ناردنی ژێردەریاییەکانیان بە مەبەستی کۆکردنەوەی تەرمی کوژراوەکان.

 

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران باسی لەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێک نییە کە هیچ کەشتییەکی ئەمریکی لە کەناراوەکانی ئێران نزیک بووبێتەوە، “چونکە دەزانن ئەگەر نزیک ببنەوە، تێکدەشکێنرێن و دەچنە قووڵایی دەریاوە.”

 

فەتاحی جەختی کردەوە، ئێران باشترین هێزەکانی خۆی بۆ مانۆڕی ئاشتی لە هیندستان ناردبوو، بەڵام لە “هێرشێکی نامەردانەی ئەمریکادا” لەدەستی دان.

 





سەرچاوە

Related Posts