بەگوێرەی تەلەگرافێکی ناوخۆیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی پێداوە، ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ رێنمایی داوەتە دیپلۆماتکارانی وڵاتەکەی لە دەرەوە، فشار بخەنە سەر هاوپەیمانەکانیان بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی وەک رێکخراوی تیرۆریستی بناسێنن.
تەلەگرافەکە لە 16ـی ئاداردا دەرچووە و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا واژۆی کردووە، ئاراستەی سەرجەم نێردە دیپلۆماتی و کونسوڵخانەکانی ئەمریکا لە جیهاندا کراوە. “لە رێنماییەکەدا داوا لە دیپلۆماتکاران کراوە ئەم پەیامە لە بەرزترین ئاستی گونجاودا و تاوەکو وادەی 20ـی ئادار بگەیەننە وڵاتان. هەروەها جەخت کراوەتەوە، پێویستە ئەم هەوڵانە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئیسرائیلییەکان بێت.”
لە بەشێکی تەلەگرافەکەدا هاتووە: “لەگەڵ زیادبوونی مەترسیی هێرشەکانی ئێران و گرووپە بریکارەکانی، پێویستە سەرجەم حکوومەتەکان بە خێرایی بجوڵێن بۆ کەمکردنەوەی توانای تاران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە هێرشکردنە سەر وڵاتان و هاووڵاتیانمان.”
ئیدارەی ترەمپ لەو بڕوایەدا دەردەکەوێت، فشارە نێودەوڵەتییە بەکۆمەڵەکان کاریگەرترن لە هەنگاوی تاکلایەنە. لە تەلەگرافەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: “هەڵسەنگاندنی ئێمە ئەوەیە کە رژێمی ئێران بەرامبەر بە هەنگاوە بەکۆمەڵەکان هەستیارترە، و فشاری هاوبەش ئەگەری زۆرترە کە رژێم ناچار بکات شێوازی کارکردنی بگۆڕێت.”
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: “سەرۆک ترەمپ سەرنجی لەسەر بەدیهێنانی ئاشتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای پاسداران و حزبوڵڵا و گرووپە بریکارەکانی دیکە ئێران هۆکارن بۆ ناسەقامگیرکردنی حکوومەتەکان و تێکدانی ئاشتیی ناوچەکە.
پێشتر ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە سوپای پاسداران و حزبوڵڵایان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام ئەم هەوڵە نوێیە بۆ فراوانکردنی ئەو بازنەیەیە لەسەر ئاستی جیهانی.










