ئێرانجیهان

فراکسیۆنی پارتی بەشداری کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق ناکات


پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان بەشداری کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق ناکەن، چونکە نایاساییە و ناکرێت پرسی بودجەی کوردستان و هەناردەی نەوت بەهێز یەکلا بکرێنەوە. 

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان وەکو فراکسیۆنی پارتی بەشداری کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق ناکەن، چونکە کۆبوونەوەکە نایاساییە و جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر کۆبوونەوەکە رەزامەند نەبووە. 

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق پێویستە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و هەردوو جێگرەکەی پێکدێت رەزامەندی بدەن لەسەر کارنامەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام وەکو شێروان دووبەردانی دەڵێت، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کە فەرهاد ئەترووشییە رەزامەندی لەسەر دانیشتنەکە نەداوە. 

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی هۆکاری زیاتر بۆ بەشدارینەکردنیان لە کۆبوونەوەکەدا باس دەکات و دەڵێت ئەوان پێیانوایە پشکی هەرێمی کوردستان و هەناردەی نەوت بەهێز یەکلا ناکرێتەوە و قبووڵ ناکرێت، ئەوان بە تەواوی ئەو شێوازە رەتدەکەنەوە، پێویستە بەغدا راگەیەندراوی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بکاتە بنەمای هەر بڕیارێک و ئەوان ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای راگەیەندراوی سەرۆک بارزانی.

بڕیارە ئەمشەو پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەناردەی نەوتی عێراق بکات و داوایکردووە هەردوو وەزیری نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەبن.



سەرچاوە

Related Posts