ئێرانجیهان

عەلی لاریجانی کێیە؟ مێژووی سەرکردەیەکی ئێرانی لە نەجەفەوە تا کورسیی دەسەڵات


دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی عەلی لاریجانی، یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین کارەکتەرە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرنجەکان جارێکی دیکە چوونەتەوە سەر مێژووی پڕ لە گۆڕانکاری و وێستگە هەستیارەکانی ژیانی ئەم سەرکردەیە.

لاریجانی وەک یەکێک لە “پایە بەهێزەکانی سیستەم” دەناسرا، خاوەنی باکگراوندێکی دەوڵەمەندی ئەکادیمی و سەربازی بوو کە دەورێکی باڵای لە داڕشتنی سیاسەتەکانی تاراندا هەبووە.

عەلی لاریجانی لە ساڵی 1957 لە شاری نەجەفی ئەشرەف لە عێراق لەدایکبووە. ئەو لە خێزانێکی ئایینیی رەسەن و سیاسیی دژبەری دەسەڵاتی شای پێشووی ئێران پەروەردە بوو. باوکی، ئایەتوڵڵا میرزا هاشم ئامۆلی، یەکێک بوو لە زانایە ئایینییە ناسراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن، ئەمەش وایکرد لاریجانی هەر لە منداڵییەوە لە ناو جەرگەی ململانێ سیاسییەکاندا بێت.

لاریجانی تەنیا سیاسی نەبوو، بەڵکو بە یەکێک لە خوێندەوارترین سەرکردەکانی ئێران دەژمێردرا. ئەو قۆناغی سەرەتایی لە شاری قوم تەواو کرد و دواتر لە زانکۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بیرکاری و زانستی کۆمپیوتەردا بەدەستهێنا. بەڵام خولیای فەلسەفە وای لێکرد ئاراستەی خوێندنەکەی بگۆڕێت و پلەکانی ماستەر و دکتۆرا لە بواری فەلسەفەدا ببڕێت، ئەمەش سیمایەکی “ئەقڵانی و دیپلۆماسی” بە کەسایەتییەکەی بەخشیبوو.

کاروانی پیشەیی لاریجانی نەخشەیەکی وردی هەڵکشانی دەسەڵاتە لە ناو دامەزراوە هەستیارەکاندا، وەک فەرماندەیەک لە ریزەکانی سوپای پاسداران خزمەتی کردووە، بۆ ماوەی 7 ساڵ (1997-2004) سەرۆکایەتی دەستەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران (IRIB)ی کرد و میدیای فەرمی وڵاتی ئاراستە دەکرد، وەک سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، دەورێکی سەرەکی لە دۆسیە نێودەوڵەتییەکاندا هەبوو، هەروەها بۆ ماوەی ١٢ ساڵی بەردەوام (2008-2020) سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بوو، کە تێیدا توانی هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان باڵە سیاسییەکاندا ڕابگرێت.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (INA) ئاماژەی بەوە کردووە کاروانی سیاسی ئەم پیاوە پڕ بوو لە نهێنی و بڕیاری ستراتیژی، لە 17ـی ئاداری 2026لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران کۆتایی بە ژیانی هات. لاریجانی تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم مایەوە، و کوژرانی بە زیانێکی گەورە بۆ پێگەی سیاسی و بڕیارسازی لە ئێران دادەنرێت.



سەرچاوە

Related Posts