دەسەڵاتی دادی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ سێ کەس راگەیاند، کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا سزادرابوون.
رۆژی پێنجشەممە، 19-03-2026، ئاژانسی “میزان”ی سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدان بەسەر هەر سێ تۆمەتبار (مەهدی قاسمی، ساڵح محەممەدی و سەعید داوودی) لە شاری قوم و لەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا جێبەجێ کراوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەسەڵاتی داد، ئەو سێ کەسە تۆمەتبار کرابوون بە “کوشتنی چەند ئەندامێکی هێزەکانی پۆلیس، بەکارهێنانی چەکی سارد، چالاکی لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوەگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی.”
ئاژانسی میزان ئاماژەی بەوەش کردووە، سزاکە دوای ئەوە جێبەجێ کراوە کە “قۆناخە یاساییەکانی لە دیوانی باڵای وڵات بڕیوە و تانەکانیان رەتکراوەتەوە.”
خۆپێشاندانەکان لە 28-12-2025ـەوە لە تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێران لەلایەن کاسبکارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، بەڵام دواتر ئاڕاستەی خۆپێشاندانەکان گۆڕا بۆ ناڕەزایەتیی سیاسی و تووندوتیژی لێکەوتەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) لە نوێترین ئاماریدا رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا کوژرانی 7 هەزار و 15 کەس بە بەڵگەوە پشتڕاستکراوەتەوە، کە 226یان منداڵن. هەروەها رێکخراوەکە دەڵێت، بەدواداچوون بۆ گیانلەدەستدانی 11 هەزار و 744 کەسی دیکە دەکەن، کە هێشتا بەڵگەی تەواویان لەسەر کۆنەکراوەتەوە.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام داوا لە ئێران دەکەن جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دژی بەشداربووانی خۆپێشاندانەکان رابگرێت.










