ئێرانجیهان

پۆلیسی ئێران: 68 کەس بەتۆمەتی سیخوڕی و ئاژاوەگێڕی…


ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، 68 کەسیان دەستگیر کردووە، بەشێکیان تۆمەتبارن بە ناردنی زانیاریی سەربازی بۆ دەرەوە و بەشێکی دیکەشیان “پلانی هێرشی چەکدارییان” هەبووە.

 

رۆژی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، ناوەندنی راگەیاندنی پۆلیسی ئێران، ئەو کەسانەی بە “بەکرێگیراو و جوداخواز” ناوبردووە و دەڵێت، لە چەند پارێزگایەک دەستگیرکراون.

 

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەوانەی دەستگیرکراون تۆمەتبارن بەوەی “زانیاریی وردیان لەبارەی شوێنە سەربازییەکان و شوێنی گردبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان کۆکردووەتەوە” و بۆ کەناڵێکی ئۆپۆزیسیۆنیان ناردووە، کە تاران وەک “تۆڕێکی تیرۆریستی” ناویان دەبات.

 

بەپێی ناوەندی راگەیاندنی پۆلیس، “بەشێک لەوانەی دەستگیرکراون چەکیان پێبووە و پلانی هێرشی چەکداریان هەبووە.”

 

پۆلیس بێ ئەوە ئاماژە بە ناوی شوێنەکان بکات، دەڵێت، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو 68 کەسە، دەستیان بە سەر 88 چەکی سارد و نارنجۆک و ئامێری ئەلیکترۆنیدا گرتووە.

 

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە رۆژی 28-02-2026 دەستیپێکرد و بەردەوامە. لە ئێران ناوە ناوە دەستگیرکردنی کۆمەڵێک خەڵک بە تۆمەتی سیخۆڕی لە شارە جیاوازەکان رادەگەیێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمی لە بارەی ژمارەی دەستبەسەرکراوان بەردەست نییە.

 

 

 





سەرچاوە

Related Posts