ئێرانجیهان

پەروەردەی لوڕستان: لە خوڕەمئاوا دوو قوتابی و…


 

بەڕێوەبەری پەروەردوی لوڕستان رایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆ سەر شاری خوڕەمئاوا دوو قوتابی و مامۆستایەک کوژراون.

 

رۆژی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، عیسا سوهرابی، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەوی پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: “بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە چەند شوێنێک لە شاری خورەمئاوا بۆردوومان کران، لە ئەنجامدا مامۆستایەک و دوو قوتابی کوژران.”

 

ئەو دوو قوتابییەی کوژران خوشکن، بە ناوەکانی نەرگس و نیگار قولیپوور. 

 

بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران لە شاری خوڕمئاوا دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە دوو شوێن بیستراوە، یەکێکیان لە گەڕەکی هەزار دەستگا و ئەوەی دەیکە لە ناوچەی ئابشاری دەرە گەرمی شارەکە بووە.

 

داریوش بارانی بەیرانوەند، سەرۆکی شارەوانیی خوڕمئاوا دەڵێت، بەهۆی هێرشەکان شەش یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوی خاپوور بوون و چەندین باڵەخانەی دەورووبەریش زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

 

بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی خورمئاوا، بۆردوومانی شارەکە 9 کەس کوژراون کە مامۆستایەک و دوو قوتابی لە ناو کوژراوەکاندا هەن.

 

داریوش بارانی بەیرانوەند ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆ 45 کەس برینداربوون کە برینی بەشێکیان قورسە و لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.

 

جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل 28ی شوبات دوای ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، کە تێیدا چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژران.

 

لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو کردووە.





سەرچاوە

Related Posts