ئێرانجیهان

کۆشکی سپی: گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بەردەوامە

سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە هۆشدارییەکدا ڕایگەیاند، کە دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە قورسترین هێرشی مێژوویی بکاتە سەر ئێران ئەگەر تاران بە ڕێککەوتنێکی خێرا ڕازی نەبێت. کارۆلاین لێڤت جەختی کردەوە کە ئێران لە ڕووی سەربازییەوە تێکشکاوە و توانای بەرگریکردنی لە خاکی خۆی کاتژمێر دوای کاتژمێر بەرەو نەمان دەچێت، هەر بۆیە تاران ئێستا بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ کشانەوە و دەربازبوون لەم جەنگە.

کارۆلاین لێڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەرنجی خستە سەر دواین پەرەسەندنە سەربازییەکان و ڕایگەیاند: “ترەمپ هیچ گاڵتەیەکی نییە و ئامادەیە دۆزەخ لە ناوخۆی ئێران هەڵگیرسێنێت ئەگەر ئەوان نەگەنە ڕێککەوتن. پێویستە ئێران جارێکی دیکە تووشی هەڵەی لێکدانەوە نەبێتەوە، چونکە هەر جۆرە ڕووبەڕووی بۆردوومانی زۆر قورستریان دەکاتەوە.”

کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامیی هەیە، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتێک کە ئاماژە بەوە دەکەن تاران پێشنیازەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ڕەتکردووەتەوە.

لێڤت ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی واشنتن هەمیشە ئاشتی بووە و ترەمپ نایەوێت مەرگ و وێرانکاریی زیاتر ببینێت، بەڵام جەختی کردەوە کە پێویستە تاران دان بەو واقیعە نوێیەدا بنێت کە لە ڕووی سەربازییەوە بە تەواوی شکستی خواردووە. گوتیشی: “ئێمە توانای ناوەکی و توانای هێرشبەریی ئێرانمان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان پەکخستووە. ئێستا دەبینین کە تاران بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت، چونکە درک بەوە دەکەن کە خەریکن وردوخاش دەکرێن.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی باسی لە دۆخی مەیدانیی ناو ئێران کرد و گوتی: “توانای تاران بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە شێوەیەکی خێرا کەم دەبێتەوە. ئەگەر ئەوان ئامادە نەبن ئەم واقیعە قبووڵ بکەن، ترەمپ دڵنیایی دەدات کە گورزی وایان لێ بوەشێنرێت کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووبێت.”

لێڤت هەواڵێکی گرنگی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژانی 14 و 15ی مانگی ئایاری داهاتوودا سەردانی پەکین دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی مێژوویی لەگەڵ “شی جینپینگ” سەرۆک کۆماری چین. هەروەها گوتیشی کە دواتر سەرۆکی چین و هاوسەرەکەی سەردانی واشنتن دەکەنەوە.

 

نوێ دەکرێتەوە

سەرچاوە

Related Posts