ئێرانجیهان

ئێران: هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی مەشهەد


بەگوتەی جێگری پارێزگاری خوراسانی رەزەوی کەمێک پێش ئێستا هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی مەشهەد و  شارۆچکەی پیشەسازی خەیامی شاری نەیشابوور. 

 

ئەمیروڵڵا شەمقەدری، جێگری پارێزگاری خوراسانی رەزەوی رایگەیاند: ” تەنێکی دووژمن کەوتووەتە سنووری فڕۆکەخانەی مەشهەد و شارۆچکەی پیشەسازی خەیامی نەیشابوور. سیستمی بەرگری ئاسمانی کارا کراوە و هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە”.

 

بەپێی راگەیێندراوی پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگاری خوراسانی رەزەوی “هێرش کراوەتە سەر  کارەڤان، هۆڵ و باڵەخانەیەکی نێو فڕۆکەخانەی مەشهەد. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکە بێ زیانی گیانی بووە”.

 

لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە دەنگی تەقینەوە لە چەند شار و شارۆچکەیەکی پارێزگای خوراسانی رەزەوی بەتایبەت مەشهەد و نەیشابوور بیستراون.

 

بۆ یەکەمجار لە شەڕی 27 رۆژەی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، دوێنی شەوی چوارشەممە و کاژێرە سەرەتاکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێرش کرایە سەر پارێزگای خوراسان.

 

خوراسان دوایین سنووری ئێرانە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی تورکمانستان و ئەفغانستان هەیە.

 





سەرچاوە

Related Posts