پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرتەشی ئێران هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک بە رەفتارێکی بێ شەرمانەی پێشێلکردنی مافە نێودەوڵەتییەکان و بێرێزی بە سەقامگیری هەرێمی کوردستان ناو دەبات.
ئەرتەشی ئێران ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاداری 2026، لە راگەیەندراوێکدا، سوپای ئیسرائیل بە هێرشە درۆنییەکە تۆمەتبار دەکات و ئاماژەیداوە، ئیسرائیل بە دەسیسەی ئەمریکا ئەو هێرشەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کردووە لە شاری دهۆک، ئەمەش نەک هەر پێشێلکارییەکی زەقی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بێڕێزیکردنە بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی، بەڵکو درێژەدان بە خراپەکاری لە دژی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
هەر لە راگەیەندراوەکەی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی هاتووە، رەفتارە هاوبەشە مەترسیدارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی جیهانی، پێشێلی هەموو یاسا و رێسایەکی نێودەوڵەتیان کردووە و دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی بگێڕێت.










