ئێرانجیهان

بە هەماهەنگی لەگەڵ تاران 20 کەشتیی وڵاتەکەمان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن

حکوومەتی پاکستان رایگەیاند، دوای هەماهەنگییەکی سەرکەوتوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، 20 کەشتیی بازرگانی کە ئاڵای پاکستانیان لەسەرە، بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.

محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی “ئێکس” بڵاویکردەوە: “خۆشحاڵم هەواڵێکی دڵخۆشکەرتان پێ رابگەیەنم، ئەویش رەزامەندی حکوومەتی ئێرانە بۆ رێگەدان بە تێپەڕبوونی 20 کەشتی دیکەی هەڵگری ئاڵای پاکستان بە گەرووی هورمزدا، بە شێوەیەک رۆژانە دوو کەشتی بەناو گەرووەکەدا تێدەپەڕن.”

وەزیری دەرەوەی پاکستان ئەم هەنگاوەی بە هەنگاوێکی گرنگ بەرەو ئاشتی وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەمە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هەوڵە بەکۆمەڵەکان لەو ئاراستەیەدا. هەروەها جەختی کردەوە “گفتوگۆ، دیپلۆماسی و گرتنەبەری رێکاری لەم شێوەیە بۆ دروستکردنی متمانە، تەنیا رێگەی دروستن بۆ بەرەوپێشچوون.”

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە پێشتر جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بەهۆی گرژییەکان و هێرشکردنە سەر چەند کەشتییەک لەلایەن ئێرانەوە، بە تەواوی پەکیکەوتبوو. ئەم دۆخە ناڕەزایەتی و سەرکۆنەی نێودەوڵەتی لێکەوتبووەوە و تاران تۆمەتبار دەکرا بەوەی گەرووە نێودەوڵەتییەکەی وەک بارمتە لە ململانێ و شەڕەکاندا بەکارهێناوە.

سەرچاوە

Related Posts