وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، مووشەکێکی بالیستی کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوو و هاتبووە نێو کایەی ئاسمانیی تورکیا، لەلایەن سیستەمی بەرگریی ناتۆوە تێکشکێندراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا (MSB) بەیاننامەیەکی سەبارەت بە تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: مووشەکێکی بالیستی کە دەستنیشان کراوە لە ئێرانەوە تەقێنراوە و هاتۆتە نێو کایەی ئاسمانیی تورکیا، لەلایەن یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی ناتۆوە کە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیر کراون، تێکشکێندرا و پوچەڵ کرایەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە داوە، هەموو رێکارێکی پێویست بە بڕیارێکی توند و بەبێ دوودڵی بەرانبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەک دەگیرێتە بەر کە ئاراستەی خاک و ئاسمانی وڵاتەکەمان بکرێت.
هەروەها باس لەوەشکراوە، دامەزراوە سەربازییەکانی تورکیا بە وردی چاودێری هەموو پەرەسەندنەکانی ناوچەکە دەکەن و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە لە سەرووی هەموو کارە لەپێشینەکانەوەیە.










