شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، درۆنێک لە کێڵگەی نەوتی قورنە 1ـی رۆژئاوای بەسرە کەوتووەتە خوارەوە، هەروەها موشەکێکیش لە پارێزگای ئەنبار کەوتووەتە سەر ماڵێک بەڵام نەتەقیوەتەوە.
لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: “فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەناو کێڵگەی نەوتی قورنە 1ـی رۆژئاوا لە پارێزگای بەسرە بەبێ ئەوەی بتەقێتەوە کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی ماددی و گیانی نەبووە.”
سەعد مەعن ئاماژەی بەوەشداوە، مووشەکێک لە ناوچەی سەرسار تەراح لە پارێزگای ئەنبار لە بنمیچەی خانووێک لە ژووری میوان چووەتە ژوورەوە بەڵام نەتەقیتەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. هاوکات تیمی هەڵگرتنەوەی تەقەمەنی رەوانی شوێنەکە کراوە بۆ ئەوەی مووشەکەکە هەڵگرنەوە.










