ئێرانجیهان

گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا: بۆ هێرشی زەمینی ئامادەین

بارەگای ناوەندیی “خاتەمولئەنبیا” بۆ هەماهەنگی کارە سەربازییەکانی ئێران، لە پەیامێکیدا رایگەیاند؛ جەنگی ئێستا تا کاتی “خۆبەدەستەوەدانی” ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام دەبێت. تاران جەخت دەکاتەوە، بنکە ستراتیژییەکانی بەرهەمهێنانی چەک پارێزراون و هێزەکانیان بۆ هەموو ئەگەرەکان، لەوانەش هێرشی زەمینی، لە ئامادەباشیدان.

ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا، رایگەیاند: “زانیارییەکانتان دەربارەی توانای سەربازی و کەرەستە ستراتیژییەکانی ئێمە کەم و ناتەواون.”

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شوێنانەی ئیسرائیل هێرشی کردوونەتە سەر، گرنگییەکی کەمیان هەبووە و ناوەندە سەرەکییەکانی دروستکردنی موشەکی ستراتیژی، درۆن و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە شوێنێکی شاراوەدان کە “دوژمن هەرگیز دەستی پێیان ناگات.”

لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر سیناریۆیەک، تەنانەت ئەگەر هێرشی زەمینیش بێت.

بەقایی ئاشکرای کرد، لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە، وڵاتی پاکستان پەیامی ناڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن ئاڵوگۆڕ کراوە.

گوتیشی: “لە هەفتەی رابردوودا داوای دەستپێکردنەوەی دیپلۆماسی کراوە، بەڵام داواکارییەکان نالۆژیکی بوون، بۆیە تاران بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.” هەروەها جەختی کردەوە، هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لە ئارادا نییە و “لە ژێر بۆردوماندا دانوستان ناکرێت.”

رۆژنامەی “یەدیعۆت ئەحرۆنۆت”ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران تەواو کردووە و پێیوایە تاران بۆ ماوەیەکی درێژ ناتوانێت توانای مووشەکی و ئەتۆمی خۆی بونیاد بنێتەوە.

هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی پێشکەوتنی گەورەی لە جەنگەکەدا بەدەستهێناوە و پێشبینی دەکات لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کۆتاییان بێت، چونکە زۆربەی ئامانجە ستراتیژییەکان بەدی هاتوون.

سەرچاوە

Related Posts