ئێرانجیهان

حکومەتی ئێران: 105 هەزار یەکەی مەدەنی لە 12…


تاران ئاماری فەرمیی ئەو زیانە گەورانەی بڵاوکردەوە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەر ژێرخانی مەدەنی، تەندروستی و پەروەردەیی وڵاتەکە کەوتوون.

فاتیمە مەهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رۆژی یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتەوە، تاوەکو ئێستا 105,125 یەکەی مەدەنی لە 12 پارێزگای جیاوازدا زیانیان بەرکەوتووە. 

 

مەهاجەرانی ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا لە تاران، 83,351 یەکەی نیشتەجێبوون و 39,508 یەکەی بازرگانی-نیشتەجێبوون بەهۆی بۆردوومانەکانەوە وێران بوون یان زیانیان پێگەیشتووە.

 

گوتەبێژی حکومەتی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی “تاوانی جەنگ” تۆمەتبار کرد و گوتی: “ئامانجگرتنی بە ئەنقەستی ناوەندە تەندروستی و مەدەنییەکان سەلمێنەری ئەم تاوانەیە.” 

 

مەهاجەرانی وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و رایگەیاند، 763 قوتابخانە، 322 ناوەندی چارەسەری و تەندروستی، 55 کتێبخانە و 30 زانکۆ لە سەرانسەری وڵاتدا بۆردومان کراون.

 

مەهاجەرانی بەتایبەت تیشکی خستە سەر بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی “دڵ ئارام سینا” کە تایبەتە بە نەخۆشییە دەروونییەکان و گوتی: “قوربانیبوونی نەخۆشە دەروونییە بێ چەکەکان لەڕووی ئەخلاقی و یاساییەوە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.” 

 

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکان بۆ سەر شوێنە ستراتیژییەکانی وەک پردی B1، “پەیمانگەی توێژینەوەی پلازما و لەیزەر’ و کۆمەڵگەی پێترۆکیمیایی ماهشەهر’، نیشانەی نیگەرانیی دووژمنن لە پێشکەوتنی تەکنیکیی ئێران.” 

 

بەپێی گوتەی گوتەبێژەکە، لە هێرشەکەی سەر ماهشەهر، 5 کەس کوژراون و 170 کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

مەهاجەرانی لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە گەلی ئێران کرد وریا بن و نەکەونە داوی “هەواڵە درۆکانی” ئەمریکا و ئیسرائیل و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن. 

 

پێشتر رێکخراوی چالاکوانانی مافی مرۆڤ “هرانا” رایگەیاندبوو کە زیاتر لە 3,200 کەس لە ئێران کوژراون، کە ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵن. 

 

بەگوێرەى وەزارەتى گەشەپێدان رێگاوبانى ئێران، نرخی هەر مەترێک چاککردنەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 1,100 دۆلار، لە کاتێکدا حکومەتی تاران تەنیا توانای دابینکردنی نزیکەی 90 دۆلاری هەیە بۆ هەر مەترێک.

 

ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن؛ هەرچەندە ترەمپ باس لە هەبوونی 15 خاڵی هاوبەش دەکات و بۆ ماوەی 48 کاژێرى بۆ هێرشی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا راگرتووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران وەک قالیباف و عێراقچی هێشتا ئەو پێشنیازانە بە “نادادپەروەرانە” دەبینن و جەخت لە مافی بەرگری لە خۆیان دەکەنەوە تاوەکو گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی.

 

لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای فراوانیی زیانەکان، حکومەت بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پشتگیریکردنی خێزانە زیانلێکەوتووەکان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنانەی کە دەتوانرێت چاکبکرێنەوە.

 

ئەم ئامارە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێی ناوەتە شەشەم هەفتەیەوە. 

 





سەرچاوە

Related Posts