سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی دووشەممە 06-04-2026 رایگەیاند، سەرۆکی هەواڵگریی ئەو سوپایە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر تاران کوژراوە.
سوپای پاسداران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام بڵاویکردەوە، “لیوا مەجید خادمی، سەرۆکی بەتوانا و خوێندەواری رێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستیی تاوانکارانەی ‘دوژمنی ئەمریکی-زایۆنی’ شەهید بووە.”
هەرچەندە سوپای پاسداران وردەکاریی زیاتری لەبارەی شوێنی کوژرانی مەجید خادمی نەنوسیوە، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە چەندین ناوچەی نیشتەجێبوون لە دەوروبەری تارانی پایتەخت کرانە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.
رۆژی دووشەممە، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران ئەنجامدا، کە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 25 کەس لەو وڵاتەدا.










