ئێرانجیهان

ئێران پێشنیازێکی 10 خاڵی دەداتە ئەمریکا بۆ راگرتنی جەنگ

رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ی ئەمریکی وردەکاریی پێشنیازێکی نوێی ئێرانی ئاشکرا کرد، لە رێگەی ناوەندگیرەکانەوە ئاراستەی ئەمریکا کراوە، بە مەبەستی راگرتنی ئەو ململانێ و گرژییە سەربازییەی ماوەی زیاتر لە مانگێکە ناوچەکەیدا گرتووەتەوە.

بەگوێرەی لێدوانی دوو بەرپرسی باڵای ئێران بۆ رۆژنامەکە، پێشنیازەکە لە 10 خاڵ پێکهاتووە و گرنگترینیان ئەمانەن:
1- پێدانی گەرەنتی بە ئێران کە جارێکی دیکەڕروبەڕووی هێرشی سەربازی نەبێتەوە.
2- راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە لوبنان.
3- هەڵگرتنی سەرجەم ئەو سزایانەی کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون.

لە بەرامبەر ئەم خاڵانەدا، ئێران پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بەو گەمارۆیەی خستوویەتیە سەر “گەرووی هورمز” و کردنەوەی رێڕەوەکە بە رووی کەشتیوانیدا.

لە بەشێکی دیکەی پێشنیازەکەدا هاتووە، ئێران بڕی دوو ملیۆن دۆلار وەک رەسمی تێپەڕبوون لە هەر کەشتییەک وەردەگرێت کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت. ئەم داهاتە لەگەڵ سوڵتاننشینی عومان (کە دەکەوێتە دیوەکەی دیکەی گەرووەکە) دابەش دەکرێت. ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، پشکەکەی خۆی لەو داهاتە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئەو ژێرخانانە بەکاردەهێنێت کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە وێران بوون، لەبری ئەوەی داوای قەرەبووی دارایی راستەوخۆ بکات.

ئەم پێشنیازەی ئێران لە رێگەی باکستانەوە وەک ناوبژیوانی سەرەکی گەیشتووەتە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئەمەش لە کاتێکدایە تەنیا چەند کاتژمێرێک ماوە بۆ ئەو وادەیەی ترەمپ دیاریی کردبوو. ترەمپ هەڕەشەی کردبوو ئەگەر تا شەوی سێشەممە گەرووی هورمز نەکرێتەوە، هێرشی وێرانکەر دەکاتە سەر وێستگەکانی وزە و پردەکان لە ئێران.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە سەبارەت بە پێشنیازەکە گوتی: “ئەمە پێشنیازێکی گرنگ و هەنگاوێکی جدییە، بەڵام بەس نییە.”

ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە، ئەگەر مەرجەکانی جێبەجێ نەکرێن، کاتژمێر 8ـی شەوی سێشەممە (بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا) کە دەکاتە کاتژمێر 3 بەرەباینی رۆژی چوارشەممە بە کاتی کوردستان فەرمانی هێرشی ئاسمانی نوێ و بەهێز بۆ سەر ئێران دەردەکات بە ئامانجی “ئیفلیجکردنی” ئەو وڵاتە، و گوتیشی: “ئەوان پێویستیان بە 100 ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی دووبارە وڵاتەکەیان بونیاد بنێنەوە.”

سەرچاوە

Related Posts