ئاژانسی هەواڵی “ئیسنا” بڵاویکردەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکایەتی ئەو شاندە ئێرانییە دەکات، بڕیارە لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، دانوستان لەگەڵ لایەنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەم کۆبوونەوانە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دێت بۆ تاوتوێکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان تاران و واشنتن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە8ـی نیسانی 2026، بە کاتی کوردستان، کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) “سەرکەوتنی تەواوەتی” ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە جەنگی دژی ئێران راگەیاند. جەختی کردەوە کە سوپای ئەمریکا توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمتر لەوەی پێشبینی کرابوو، تەواوی ئامانجە سەربازییەکانی بپێکێت.
سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، کە “ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا” (Operation Epic Fury) کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشبینی کردبوو 4 بۆ 6 هەفتە بخایەنێت، تەنیا لە ماوەی 38 رۆژدا گەیشتە ئامانجە سەرەکییەکانی و تەنانەت لە ئامانجەکانیش تێپەڕی. لێڤت ئەم سەرکەوتنەی بۆ “توانا بڕوانەکراوەکانی سەربازانی ئەمریکا” گەڕاندەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە ئەم سەرکەوتنە سەربازییە بووەتە مایەی دروستکردنی بەهێزترین کارتی فشار بۆ ئەمریکا، کە رێگەی داوە بە ترەمپ و تیمەکەی بچنە ناو دانوستانێکی توند و یەکلاکەرەوەوە. ئەم پەرەسەندنانە دەروازەیەکیان بۆ چارەسەری دیپلۆماسی و دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا کردووەتەوە.
کارۆڵاین لێڤت رایگەیاند: “سەرۆکی ئەمریکا توانی گەرووی هورمز بکاتەوە”، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بۆ ماوەی چەندین هەفتە بەهۆی جەنگەوە رێڕەوی وزەی جیهانی پەکیکەوتبوو.
جەنگی نێوان ئێران و بەرەی مقاوەمە لە عێراق، لوبنان و یەمەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد و نزیکەی 40 رۆژی خایاند. ئەم جەنگە بووە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە بۆ ماوەی پێنج هەفتە و لە ئەنجامدا قەیرانی ئابووریی ناوچەکەی گرتەوە.










