ئەمڕۆ چوارشەممە، 08ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “تروس سۆشیاڵ” رایگەیاند، پاش گۆڕانکارییەکی بەرهەمدار لە رژێمی ئێراندا، واشنتن و تاران پێکەوە کار دەکەن بۆ لابردنی پاشماوە ئەتۆمییەکان و هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکان.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ئەمریکا:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیکەوە لەگەڵ ئێران کار دەکات، کە بڕیارمان داوە گۆڕانکارییەکی زۆر بەرهەمدار لە رژێمەکەیدا رووی داوە! چیتر پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجام نادرێت، هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هاوکاری لەگەڵ ئێران، هەموو ئەو “تۆزە” ئەتۆمییە بە قووڵی نێژراوانە (بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی بی-2ـەوە دروست بوون) هەڵدەکۆڵێت و لایان دەبات. ئێستا و پێشتریش، ئەم شوێنانە لەژێر چاودێرییەکی زۆر وردی مانگە دەستکردەکاندایە (هێزی بۆشایی!). لە رۆژی هێرشەکەوە دەستکاری هیچ نەکراوە. ئێمە لەگەڵ ئێران سەرقاڵی گفتوگۆین و بەردەوامیش دەبین لەسەر کەمکردنەوەی گومرگ و هەڵگرتنی گەمارۆکان. پێشتر لەسەر زۆرێک لەو 15 خاڵە رێککەوتووین. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە.










