سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە واشنتن و تاران تاوتوێی دروستکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەش دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز و وەرگرتنی رسوومات لەو کەشتییە بازرگانییانەی بەو ڕێڕەوەدا تێدەپەڕن.
چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ کەناڵی (ABC)ی ئەمریکی، پەردەی لەسەر بیرۆکەیەکی چاوەڕواننەکراو لادا دەربارەی داهاتووی گەرووی هورمز. ئاماژەی بە ئەگەری دروستکردنی پرۆژەیەکی هاوبەش لە نێوان واشنتن و تاران کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رێڕەوە ئاوییەکان و وەرگرتنی رسوومات لە کەشتییە بازرگانییەکان.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەگەری زۆر هەیە پڕۆژەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا پێکبهێنرێت بە مەبەستی سەپاندنی تێچوو و وەرگرتنی باج لەو کەشتییانەی بە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا تێدەپەڕن.
ترەمپ دەربارەی ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە گوتی: “ئەم پڕۆژە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، مەبەست لێی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەرووەکەیە لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی لایەنە دەرەکییەکانی دیکە.” سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هەماهەنگیی راستەوخۆی واشنتن و تاران لەم بوارەدا، رێگری دەکات لەوەی هیچ لایەنێکی سێیەم بتوانێت سەقامگیریی بازاڕی وزە و جوڵەی کەشتییەکان تێکبدات.










