ئێرانجیهان

تەندروستیی ئێران: لە 40 رۆژدا 479 ژن و منداڵ…


 

وەزارەتی تەندروستیی ئێران نوێترین ئاماری قوربانییانی سڤیلی 40 رۆژ شەڕی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 258 ژن و 221 منداڵ لە ئەنجامی هێرشەکاندا کوژراون.

 

بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، کە ئامارەکانی تاوەکو 8ـی نیسانی 2026 کۆکردووەتەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شارەکانی ئێران، 258 ژن، 221 منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ و 18 منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵ کوژراون. 

 

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پارێزگاکانی تاران و هورمزگان زۆرترین ژمارەی قوربانیانیان تێدا تۆمارکراوە.

 

سەبارەت بە بریندارەکان، وەزارەتەکە دەڵێت 4 هەزار و 989 ژن، هەزار و 997 منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ و 70 منداڵی خوار تەمەن 2 ساڵ بریندار بوون. 

 

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تاوەکو ئێستا 30 هەزار و 205 بریندار چارەسەریان بۆ کراوە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، بەڵام 518 بریندار هێشتا لە چاودێریی پزیشکیدان و هەزار و 252 نەشتەرگەرییش بۆ بریندارەکان کراوە.

 

کارمەندانی تەندروستی و تیمەکانی فریاکەوتنیش زیانیان بەرکەوتووە؛ بەپێی ئامارەکە، 118 ئەندامی تیمەکانی تەندروستی و فریاکەوتن بریندار بوون و 26 کارمەندی دیکەش کوژراون.

 

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا وردەکاریی زیانەکانی ژێرخانی تەندروستی خراوەتەڕوو، کە تێیدا هاتووە: 55 بنکەی فریاکەوتن، 49 یەکەی چارەسەر و 226 ناوەندی تەندروستی زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها 8 نەخۆشخانە چۆڵکراون و 41 ئەمبوڵانسیش تێکشکاون یان زیانیان بەرکەوتووە.

 

ئەم ئامارانەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران تەنیا ژنان، منداڵان و کارمەندانی تەندروستی دەگرێتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی سەبارەت بە ژمارەی کوژراو و بریندارانی پیاو، چ سەربازی بن یان سڤیل، بڵاونەکراوەتەوە.

 





سەرچاوە

Related Posts