قۆناغی یەکەمی دانوستانە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پاکستان کۆتایی هات و هەردوولا چەند دەقێکی نووسراویان سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکان ئاڵوگۆڕ کرد. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرای دەکەن کە دانوستانەکان زۆر بە چڕی بەڕێوەدەچن و ئەگەری هەیە تا سبەینێ یەکشەممە درێژە بکێشن.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی بڵاویکردەوە، کە شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکانیاندا لە ئیسلام ئاباد، چەند دەقێکی نووسراویان ئاڵوگۆڕ کردووە کە تێیدا هێڵە گشتییەکانی ئەو بابەتانە دیاریکراون کە جێگەی مشتومڕن. ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەک بۆ چوونە ناو قۆناغی بەڵگەنامەیی و جدیبوونی هەردوولا دەبینرێت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگاداری پاکستانی بە کەناڵی (CNN)ی ڕاگەیاندووە کە پێشبینی دەکرێت دانوستانەکان تا درەنگانی شەو بەردەوام بن و ئەگەرێکی بەهێز هەیە بۆ سبەینێ یەکشەممەش درێژ بکرێنەوە.
ئەو سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە پاکستان وەک ناوبژیوانێکی سەرەکی لە نێوان هەردوولادا کار دەکات. گرنگیی ئەم دانوستانانە لەوەدایە کە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و جەنەراڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، ڕاستەوخۆ لەناو ژووری دانوستانەکاندا ئامادەن و سەرپەرشتی پرۆسەی ناوبژیوانییەکە دەکەن.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی دەزگای راگەیاندنی فەرمی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو تیمی دانوستانکار، ئێستا تیمە کارناسی و تەکنیکییەکانی هەردوولا سەرقاڵی ئاڵوگۆڕکردنی دەقی نووسراو و ڕەشنووسەکانن لەگەڵ یەکتر.
ئاژانسی هەواڵی فارسیش جەختی لەوە کردووەتەوە کە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پەیامی نووسراو لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دانوستانەکان لە قۆناغی لێکتێگەیشتنی زارەکییەوە پەڕیونەتەوە بۆ قۆناغی جێگیرکردنی خاڵەکان لەسەر کاغەز.
هەر ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە: “پێشبینی دەکرێت بەهۆی گرنگیی بابەتەکان و ئاڵوگۆڕی دەقەکان، ئەمشەو یان سبەینێ یەکشەممە، قۆناغێکی دیکەی دانوستانە ڕاستەوخۆکان لە نێوان شاندە باڵاکاندا بەڕێوەبچێت.”
ئەم ئاڵوگۆڕکردنی دەقە نووسراوانە لە کاتێکدایە، کە پێشتر هەواڵەکان باسیان لەوە دەکرد کە گفتوگۆکان لە قۆناغی گشتییەوە چوونەتە ناو وردەکارییە تەکنیکییەکان و ئێستا هەردوولا دەیانەوێت پێشنیارەکانیان بە فەرمی و بە نووسراو بخەنە ڕوو.










