ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی ئاشکرای کرد کە سەرەڕای گەیشتنی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بە قۆناغی ئاڵوگۆڕکردنی دەق، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە “زیادەڕۆییەکانی تیمی ئەمریکا” ناوی بردووە، پرۆسەکە تووشی سستی بووە. بەپێی زانیارییەکان، پرسی گەرووی هورمز وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین تەوەرەکانی نێوان تاران و واشنتن دەستنیشان کراوە کە ناکۆکیی جددی لەسەرە.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، ئاژانسی دەزگای راگەیاندنی فەرمی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، نیشانەکان وا دەردەکەون ئەم گەڕەی گفتوگۆکان لە یەک رۆژ زیاتر نەخایەنێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەشبینییە سەرەتاییەکان بۆ درێژکردنەوەی دانوستانەکان رووبەڕووی بەربەست بوونەتەوە.
هەروەها ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، لەکاتێکدا هەردوولا گەیشتبوونە قۆناغی ئاڵوگۆڕی دەق بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ دانوستان، بەڵام تیمی ئەمریکی بە داواکارییە نوێیەکانی کە وەک “زیادەڕۆیی مەرسوم” وەسف کراوە، ڕێگری لە پێشوەچوونی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، شاندی ئێرانی لەسەر مێزی دانوستان جەختی کردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری دەستکەوتە سەربازییەکانی نابێت و سوورە لەسەر پاراستنی مافەکانی گەلی ئێران. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هێشتا بەردەوامن بەڵام ئاسۆکە لێڵ بووە.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە بابەتی گەرووی هورمز گەورەترین خاڵی بەریەککەوتنی نێوان هەردوولایە. لە کاتێکدا ئەمریکا باس لە پاککردنەوەی گەرووەکە دەکات، ئێران ئەم بابەتە بە بەشێک لە سەروەری و دەستکەوتە سەربازییەکانی خۆی دەبینێت و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی قووڵ و جددی لەناو ژووری دانوستانەکاندا.










