شەوی شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی نوێدا کۆمەڵێک لێدوانی توندی سەبارەت بە ئێران و چین راگەیاند و جەختی کردەوە، هیچ بایەخێک بەو رێککەوتنانە نادات کە لەگەڵ تاران واژۆ دەکرێن.
ترەمپ لە وتارەکەیدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی پەکین کرد و گوتی: “ئەگەر چین چەک بۆ ئێران بنێرێت، رووبەڕووی کێشەی زۆر گەورە دەبێتەوە.” ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رێگریکردن لە هەر هاوکارییەکی سەربازی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران، ترەمپ ئاشکرای کرد، گفتوگۆیەکی قووڵ لە ئارادایە و گوتی: “ئێمە لە هەموو حاڵەتێکدا براوەین، بۆ من جیاوازییەکی نییە ئەگەر رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکرێت یان نا. رەنگە ئێرانییەکان بگەنە رێککەوتن و رەنگە نەشگەن.”
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆی ئێران کرد و گوتی: “عەلی خامنەیی بۆ چەندین ساڵ فەرمانڕەوایی ئێرانی کرد، بەڵام ئێستا ئەو مردووە.”
هاوکات باسی لە هێزی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە کرد و رایگەیاند؛ کەشتییەکانی مینڕێژیان لە گەرووی هورمز جێگیر کردووە. ترەمپ گوتیشی: “ئێمە بەسەر هێزی دەریایی ئێراندا سەرکەوتین و 150 کەشتیمان تێکشکاندن، بەبێ ئەوەی ناتۆ هاوکاریمان بکات. گرنگ نییە چی روودەدات، چونکە ئێمە سەرکەوتووین.”
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تاران و پەکین لە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕن.










