سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا، فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی دا کە گەمارۆیەکی تەواو بخەنە سەر گەرووی هورمز. ترەمپ ئاشکرای کرد کە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لەگەڵ شاندی ئێرانی بەهۆی سووربوونی تاران لەسەر پڕۆژە ئەتۆمییەکەی گەیشتووەتە بنبەست و هۆشداری دا کە سوپای ئەمریکا “ئامادە و پڕچەک کراوە” بۆ کۆتاییهێنان بەوەی لە ئێران ماوەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتی جی دی ڤانس، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، لە ئیسلام ئاباد و بە نێوەندگیری پاکستان، کۆبوونەوەیەکی 20 کاتژمێرییان لەگەڵ شاندی ئێران ئەنجامداوە. ترەمپ گوتی: “لەسەر زۆربەی خاڵەکان ڕێککەوتین، بەڵام تاران ئامادە نییە دەستبەرداری خەونی ئەتۆمی بێت، منیش دووپاتی دەکەمەوە کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ رایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا دەستبەجێ دەست دەکات بە گەمارۆدانی هەر کەشتییەک کە بیەوێت بچێتە ناو گەرووی هورمز یان لێی بێتە دەرەوە. ئەو ئێرانی تۆمەتبار کرد بە سەرانەسەندن و تێکدانی ئاسایشی جیهانی لە ڕێگەی چاندنی مین لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا. هەروەها فەرمانی بە هێزی دەریایی دا هەر کەشتییەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بپشکنن و دەستی بەسەردا بگرن کە سەرانە و باجی بە ئێران دابێت بۆ تێپەڕبوون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا، ترەمپ گوتی: “هێزی دەریایی و ئاسمانی ئێران لەناوچوون، سیستمەکانی بەرگری و ڕادارەکانیان بێسوودن، خامنەیی و زۆربەی سەرکردەکانیان مردوون.” هۆشداریشی دا کە هەر جووڵەیەکی سەربازی ئێران بەرەو ڕووی هێزەکانی ئەمریکا یان کەشتییە بازرگانییەکان، وەڵامەکەی “ناردنیان دەبێت بۆ ناو دۆزەخ.”
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی سەرکردایەتی پاکستان عاسم منیر و شەهباز شەریفی کرد بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکان و گوتی کە ئەوان سوپاسی ئەمریکایان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە جەنگێکی وێرانکەر لەگەڵ هیندستان. لە کۆتاییدا ترەمپ جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە دۆخی “Locked and Loaded” (ئامادەباشی تەواوی چەک) دایە و ئەگەر تاران بەردەوام بێت، سوپای ئەمریکا ئەوەی لە ئێران ماوەتەوە تێکی دەشکێنێت.
نوێ دەکرێتەوە










