تۆڕی هەواڵی CNN لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی ناوخۆیی سەرقاڵی تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی دیدارێکی دیکەی راستەوخۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، بە ئامانجی دۆزینەوەی “دەرچەیەکی دیپلۆماسی” پێش ئەوەی هەفتەی داهاتوو وادەی ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران کۆتایی بێت.
دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتەکەی CNN، بەرپرسانی ئەمریکا ئێستا بەدوای دیاریکردنی کات و شوێنێکی گونجاودا دەگەڕێن بۆ ئەنجامدانی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان، ئەگەر بێت و گفتوگۆ بەردەوامەکانی ئێستا لەگەڵ تاران و ناوبژیوانانی ناوچەکە بەرەو پێش بچن.
سەرچاوەیەک بە CNNـی راگەیاندووە، گفتوگۆکان هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدان، بەڵام جەختی کردەوە کە “پێویستە ئامادە بین بۆ ئەوەی بە خێرایی هەنگاو بنێین ئەگەر بارودۆخەکە بەو ئاراستەیەدا رۆشت.”
ئەم هەوڵە دوای کۆبوونەوە رۆژی شەممەی رابردوو دێت لە ئیسلام ئاباد، کە لووتکەی چەندین هەفتە دانوستان بوو لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ناوبژیوانانی وەک پاکستان، تورکیا، میسر و عومان. سەرچاوەیەکی ناوچەیی ئاماژەی بەوە کردووە کە تورکیا بە چڕی کار دەکات بۆ پڕکردنەوەی کەلێن و جیاوازییەکانی نێوان هەردوو لایەنی شەڕەکە.
بۆ خولی داهاتووی گفتوگۆکان، هەریەکە لە شارەکانی جنێڤ، ڤییەننا و ئەستەنبوڵ وەک شوێنی ئەگەرای کۆبوونەوەکە لەسەر مێزی گفتوگۆن، هاوکات گەڕانەوە بۆ ئیسلام ئابادیش وەک بژاردەیەک ماوەتەوە.
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ هێشتا ئومێدەوارن کە بتوانرێت رێگەیەکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان بدۆزرێتەوە. هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە لە رۆژانی داهاتوودا، ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا و ئێران وادەی ئاگربەستەکە درێژ بکەنەوە بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بە دیپلۆماسی بدرێت.










