فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانی مارێنز لە دەریای عەرەب مەشقی تاکتیکی تایبەت بە “رووبەڕووبوونەوەی نزیک” ئەنجام دەدەن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەرکی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران و رێگریکردن لە هاتوچۆی کەشتییەکان.
چوارشەممە 15ی نیسانی 2026 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد، هێزەکانی مارێنزی ئەمریکی لەسەر پشتی کەشتیی هێرشبەری “USS Tripoli (LHA 7)” لە دەریای عەرەب، خەریکی مەشقی تاکتیکی چڕن.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتی ئەم مەشقانەدا هێزەکانی مارێنز پەرە بە تواناکانیان دەدەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی “رێگریکردنی دەریایی”. ئێستا کەشتیی جەنگیی تریپۆلی ئەرکی گەمارۆدانی ئەو کەشتییانە جێبەجێ دەکات کە دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لەوێوە دەردەچن.
هەر لە راگەیەندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە، ئەم گەمارۆیە بە شێوەیەکی بێلایەنانە و بەبێ جیاوازی، بەسەر کەشتیی هەموو وڵاتانی جیهاندا جێبەجێ دەکرێت.










