ئێرانجیهان

پاکستان پەیامێکی نوێی واشنتن دەگەیەنێتە تاران

فەرماندەی سوپای پاکستان وەک هەڵگری پەیامێکی نوێی واشنتن گەیشتە تاران، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی پاکستان بۆ نێوەندگیری و ڕێگری لە شکستی دانوستانەکانی ئاشتی. سەردانەکەی عاسم مونیر لە کاتێکدایە کە سەرچاوە ئەمریکییەکان باس لە “پێشکەوتنی بەرچاو” لە نێوان دانوستانکارانی هەردوولا دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی دەکەن.

تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، تاران پێشوازی لە شاندێکی باڵای پاکستان دەکات بە سەرۆکایەتی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە. ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە ئێران پشتڕاستی کردەوە کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی پاکستانەوە بەردەوامە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشوازی لە شاندەکە کرد. ئاماژە بەوەش کراوە کە شاندە پاکستانییەکە هەڵگری پەیامێکی نوێی واشنتنە بۆ بەرپرسانی تاران، ئەمەش دوای ئەوەی دانوستانەکانی کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە ئیسلام ئاباد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی کۆتاییان هاتبوو.

هاوکات هەر ئەمڕۆ ، بەرپرسانی ئەمریکا بۆ ئەکسیۆس ئاشکرایان کرد، دانوستانکارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆکانی ڕۆژی سێشەممەدا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە. ئەم پێشکەوتنە هەردوولا لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان نزیک دەکاتەوە.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییە نوێیە نیشانەی ئەوەیە کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە هێشتا لە هەوڵی دۆزینەوەی دەرچەیەکدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی چوارچێوەیی پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستەکە.

سەرچاوە

Related Posts