ئێرانجیهان

جووەکانی ئێران یادی عەلی خامنەییان بەرز راگرت و…


کۆمەڵگەی جووەکانی ئێران رێوڕەسمێکی یادکردنەوەیان بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی ئێران رێکخست، کە لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی جەنگدا کوژرا. لە رێوڕەسمەکەدا، سەرکردە ئایینییەکانی جوو بە تووندی سەرکۆنەی بۆردومانکردنی پەرستگەکانیان لە تاران کرد.

 

مەرجان یەشعایایی، رۆژنامەڤان و ئەندامی کۆمەڵگەی جووەکانی ئێران، لە کاتی بەشداریی لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند: “هەرچەندە ئەو رێبەری ئایینیی موسڵمانانی ئێران بوو، بەڵام بۆ ئێمە رێبەرێکی سیاسی و نیشتمانی بوو. دڵمان شکاوە و پڕین لە خەم بۆ شەهیدبوونی.” یەشعایایی هیوای خواست، ئەو هەستی ئاسایشەی لە سەردەمی خامنەییدا هەیانبووە، لە داهاتووشدا بەردەوام بێت.

 

یەشعایایی ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی جەنگدا گەڕەکە جوونشینەکانی تاران، وەک یوسف ئاباد و گۆڕەپانی وەلی عەسر بۆردوومان کراون و گوتی: “زۆرێک لە کوڕەکانمان لە ناو بنکە سەربازییە هەستیارەکان دا خزمەتیان دەکرد. جەنگەکە هەموومانی وەک ئێرانی خەمبار و خەمۆک کردووە.”

 

یونێس حەمامی لالەزار، حاخام و رێبەری ئایینیی جووەکانی ئێران، لە گوتارێکدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای کرد بۆ سەر کەنیشتی رافی نیا لە ناوجەرگەی تاران. حاخامەکە گوتی: “ئەمە بێڕێزییەکی گەورە بوو بە پیرۆزییەکان. ئەم رووداوە درۆکانی زایۆنیستەکانی دەرخست کە دەڵێن پارێزەری جووەکانی جیهانن؛ دەرکەوت ئەوان تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کار دەکەن و هیچ رێزێک بۆ کەنیشت و تەورات دانانێن.”

 

لە ناو هۆڵی رێوڕەسمەکەدا، وێنەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران بەرزکرابووەوە و لە تەنیشتی نووسرابوو: “ئێمە شوێنکەوتووی رێبەری نوێی شۆڕشین و ئامادەین بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان.” هەروەها درووشمێکی مێژوویی خومەینی بەدی دەکرا کە تێیدا هاتبوو: “ئایینی جوو جیاوازە لە زایۆنیزم.”

 

بەشداربووانی رێوڕەسمەکە جەختیان کردەوە، وەک ئێرانییەک، دەیانەوێت ئاشتی بۆ وڵاتەکەیان و هەموو ناوچەکە بگەڕێتەوە، لەوانە غەززە، سووریا، یەمەن و میسر. یەهودا ئاسێف، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی جووەکانی تاران گوتی: “هەموومان دروستکراوی خوداین و نامانەوێت کەس ئازار بچێژێت؛ جەنگ دەبێت بوەستێت.”

 

عەلی خامنەیی لە رۆژی 28ـی شوباتی 2026، لە یەکەمین رۆژی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کوژرا. لە 7ـی نیسانەوە، ئاگربەستێکی 14 رۆژی لە نێوان تاران و واشنتن راگەیێندراوە، بەڵام جیهان بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی دەرەنجامی گفتوگۆکانی داهاتوو دەکات.

 

 





سەرچاوە

Related Posts