ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 4/17، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆگ بورگوم وەزیری ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی وزەی کۆشکی سپی، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بواری وزە و ڕۆڵی ئەرێنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە پاڵپشتیکردنی پیشەسازیی وزە کرد .
هەروەها بیروڕایان لەبارەی دۆخی ئەمنی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق لە ژێر ڕۆشنایی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا ، پێزانینی خۆی بۆ سەرکردایەتی و پشتیوانیی سەرۆکی حکومەت لە بابەتی وزەدا دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت ، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و داوای پاراستنی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر ژێرخانی وزە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە کارکردن لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.










