لە هێرشێکی مووشەکی و درۆنیدا بۆ سەر کەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵە ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر، سێ ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان شەهید بوون و چەندین هاووڵاتی دیکەش کە لە نێویاندا مێرمنداڵ هەن، بریندار بوون.
هەینی، 17ـی نیسانی 2026، کەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵە ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر، رووبەڕووی هێرشێکی هاوکاتی مووشەکی و درۆنی بووەوە.
پەیامنێری کوردستان24 لەو بارەیەوە گوتی: لە ئەنجامی ئەم بۆردومانانەدا کە کەمپە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج، سێ ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان شەهید بوون.
قوربانییەکان بریتین لە مێرمنداڵێک بە ناوی “شاهین ئازەربەرزین” کە لە کاتی هێرشەکەدا گیانی لەدەست داوە، هاوکات باوکی ناوبراو بە ناوی “نادر ئازەربەرزین” بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان کراوە.
هەر لە چوارچێوەی هەمان هێرشدا، دوو کچی گەنج بە ناوەکانی “نەدا میری” و “سەمیرا ئەڵڵایاری” شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش لە دانیشتووانی کەمپەکە بریندار بوون.
لای خۆیەوە ئیسماعیل ئەرجومەندی، بەرپرسی کەمپی جێژنیکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی درۆنی بۆ سەر کەمپەکەمان شەهیدێک و 2 بریندارمان هەیە، کە بە مەستی کارێک رۆشتبوونەوە ماڵەکەیان لە کەمپەکە.
کەمپی جێژنیکان کە بە گوتەی خۆیان خەڵکی سڤیلی لێ نیشتەجێیە، دوای هێرشە مووشەکییەکانی ماوەی رابردوو، دوو مانگە چۆڵ کراوە، هاوکات لە دوای ئەو بارودۆخەی کە لە ناوچەکە هەبوو, ئەمە یەکەم هێرشی درۆنی سوپای پاسدارانی ئێرانە بۆ سەر کەمپی جێژنیکان.









