سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە زنجیرەیەک لێدوانی نوێدا بۆ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، مژدەی نزیکبوونەوەی ڕێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند و هاوکات هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئیسرائیل کرد سەبارەت بە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان.
هەینی 17ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، هیچ خاڵێکی جێناکۆک لە ڕێککەوتنەکەدا نەماوە و زۆر لە واژۆکردنی نزیکین.
هەروەها بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی گوت: “پێموایە لە یەک دوو ڕۆژی داهاتوودا دەگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئێرانییەکان دەیانەوێت کۆببنەوە و ئەم کۆتایی هەفتەیە دانوستانەکان بەردەوام دەبن.”
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا بۆ ئەکسیۆس، ترەمپ ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنەکە “ئیسرائیل دەپارێزێت”، بەڵام پێویستە تەلئەڤیڤ هێرشەکانی ڕابگرێت. ترەمپ بە ڕاشکاوی گوتی: “ئیسرائیل دەبێت بوەستێت، ئەوان ناتوانن بەردەوام بن لە تەقاندنەوەی باڵەخانەکان لە لوبنان، من ڕێگەیان پێنادەم ئەو کارە بکەن.”
ترەمپ بۆ ئاژانسی “ڕۆیتەرز” ئاشکرای کرد کە ئەمریکا و ئێران پێکەوە کاردەکەن بۆ کۆکردنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران و گواستنەوەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان. ترەمپ گوتی: “بەسەرخۆیی و بێ پەلەکردن دەچینە ناو پرۆسەی وەرگرتنەوەی یۆرانیۆمەکە.”
سەبارەت بە گەرووی هورمز، ترەمپ گوتی: “گەمارۆی دەریایی بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنەکە 100% جێبەجێ دەکرێت.”
بەپێی زانیارییەکانی بلوومبێرگ، ترەمپ جەختی کردووەتەوە کە ئێران ڕەزامەندی نیشانداوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ ماوەیەکی نادیار ڕابگرێت. لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراویشدا، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێران “هیچ بڕە پارەیەکی سڕکراو لە ئەمریکا وەرناگرێتەوە” لە بەرامبەر ئەم ڕێککەوتنەدا.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت، ئەگەری هەیە سەردانی (ئیسلام ئاباد)ی پایتەختی پاکستان بکات، بەڵام گوتی هێشتا بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە نەداوە.
نوێ دەکرێتەوە










