ئێرانجیهان

ئێران رازی بووە چیتر پشتگیریی دارایی گرووپە چەکدارەکان نەکات

هەینی 17ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ cbs نیووز، ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دانوستانەکاندا “ڕەزامەندی لەسەر هەموو شتێک” نیشانداوە، لەوانە ڕادەستکردنی تەواوی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی وڵاتەکەی.

ترەمپ جەختی کردەوە، ئێران کار لەگەڵ ئەمریکا دەکات بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بۆ ناو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان. سەرۆکی ئەمریکا ڕەتیکردەوە کە ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ناردنی “هێزی پیادەی ئەمریکی” هەبێت بۆ نێو ئێران و گوتی: “نەخێر، هیچ سەربازێک نانێرین. خەڵکی ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان پێکەوە کاردەکەن بۆ وەرگرتنەوەی یۆرانیۆمەکە و دواتر دەیهێنین بۆ ئەمریکا.”

ترەمپ گوتیشی: “کاتێک ڕێککەوتن هەبێت، پێویست بە شەڕ ناکات. ئەمە زۆر باشترە، هەرچەندە ئەگەر ناچار بووینایە بە ڕێگەی تریش ئەنجاممان دەدا.”

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئێران ڕەزامەندی نیشانداوە چیتر پشتگیریی دارایی و سەربازیی گرووپە چەکدارەکان نەکات، بەتایبەتی حزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە فەڵەستین.

سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە باسیان لەوە دەکرد ئەمریکا بڕی 20 ملیار دۆلار لە داراییە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکات، ترەمپ بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و گوتی: “نەخێر، ئێمە تەنانەت 10 سەنت-یشیان پێنادەین.”

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە تیمی دانوستانکاری هەردوولا لەم کۆتایی هەفتەیەدا کۆدەبنەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت “تا ئەو کاتەی هەموو شتێک بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت.”

نوێ دەکرێتەوە

سەرچاوە

Related Posts