دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند؛ ئەگەر تا رۆژی چوارشەممە، وادەی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکەیە رێککەوتن ئەنجام نەدرێت، رەنگە دەست بە بۆردومان بکاتەوە و لە هەمان کاتدا گەمارۆکانیش وەک خۆیان بهێڵێتەوە.
ترەمپ گوتی: “رەنگە ئاگربەستەکە درێژ نەکەمەوە. بۆیە گەمارۆکە بەردەوام دەبێت و بەداخەوە ناچار دەبین دووبارە دەست بە بۆردومان بکەینەوە.”
سەبارەت بە پرسی یۆرانیۆم، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد: “لەگەڵ ئێران دەچین و پێکەوە وەریدەگرین. سەدا 100 دەگەڕێنینەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئەگەر ئەوە نەکەین، بە شێوەیەکی دیکە دەستی دەخەین.”
رۆژی چوارشەممە وەک گرنگترین وادە لە تەواوی ململانێکەدا سەیر دەکرێت، ئەمەش نەک تەنیا لەبەر ئەوەی ترەمپ پێشتر وادەی دیاری کردووە و پاشەکشەی لێ کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەمجارەیان چوارچێوەیەک بۆ رێککەوتنەکە بوونی هەیە. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چوار رۆژ بەسە بۆ ئەوەی لایەنەکان واژۆ لەسەر رێککەوتنەکە بکەن یان نا.
سەبارەت بە دۆخی لوبنان، ترەمپ رایگەیاند؛ لوبنان بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕیوە و راگەیەند؛ “ئێمە هاوکاریی لوبنان دەکەین بۆ ئەوەی دووبارە ببێتەوە بە وڵاتێکی بەهێز. ماوەیەکی زۆرە ئەوان بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن و زۆرییان بینیوە، بۆیە هاوکارییان دەکەین.”










