ئێرانجیهان

ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە مووشەکی مۆدێلی نوێ بەکاردەهێنین

راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە زنجیرەیەک لێدوانی هەڕەشەئامێزدا وەڵامی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند کە وڵاتەکەی هێشتا هێزە سەرەکییەکانی و “کارتە براوەکانی” نەخستووەتە نێو مەیدانی جەنگەوە؛ ئاماژەشی دا، ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە مووشەکی مۆدێلی نوێ بەکاردەهێنین، کە مانگی رابردوو بەرهەم هێنراوە.

شەممە 18ی نیسانی 2026، سەردار محەممەدڕەزا نەقدی، راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، رایگەیاند، ئەگەر ئاگربەستەکە کۆتایی بێت و جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئێران نەوەیەکی نوێی چەک بەکاردەهێنێت، کە مێژووی بەرهەمهێنانیان ئاداری 2026ـە.” ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەیی تەواوەتی پیشەسازیی سەربازیی ئێران تەنانەت لە کاتی شەڕیشدا.

راوێژکارەکەی سوپای پاسداران جەختی کردەوە، باڵادەستیی راستەقینەی ئێران لە هێزی وشکانییەکەی دایە کە هێشتا “نەهاتووەتە نێو مەیدانەکەوە”. سەبارەت بە بانگەشەکانی ئەمریکا بۆ پێکانی سەکۆکانی هاویشتنی مووشەک، نەقدی بە گاڵتەجاڕییەوە گوتی: “ئێمە لە هەر ئاسنگەرییەکدا دەتوانین سەکۆی هاویشتنی مووشەک بەرهەم بهێنین.”

نەقدی گومانی خستە سەر گوتەکانی بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە تێکشکاندنی هێزی دەریایی ئێران و گوتی: “ئەگەر راست دەکەن و هێزی دەریایی ئێران تێکشکاوە، ئەی بۆچی ناتوانن گەرووی هورمز بە رووی کەشتییەکاندا بکەنەوە؟” ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە تاران هێشتا کۆنترۆڵی تەواوی ئەو گەرووە ستراتیژییەی لەدەستدایە.

سەردار نەقدی لە لێدوانەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و بە “نا ژیر” وەسفی کرد. راشیگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا ناتوانێت لە رێگەی دانوستانەکانەوە فێڵ لە گەلی ئێران بکات، ئێمە کارتی براوەی زۆر گرنگمان لەبەردەستە کە هێشتا نەمانخستوونەتە ناو یارییەکەوە.”

سەرچاوە

Related Posts