ئێرانجیهان

دیموکرات: ئەو پێشمەرگانەی شەهید بوون، هیچ…


قەرارگەی هەمزەی سوپای پاسداران دەڵێت؛ “لە تۆڵەی کوژرانی ئەندامێکی سوپا هێرشمان کردە سەر بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران”. سەرکردەیەکی ئەو حیزبەش دەڵێت، ئەوانەی شەهید بوون لە کاتی کوژرانی ئەندامەکەی سوپای پاسداران نەبوونەتە پێشمەرگە.

 

رۆژی شەممە، 18ی نیسانی 2026، قەرارگەی هەمزەی سوپای پاسداران راگەیندراوێکی لەسەر هێرشەکانی سەر کەمپەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بڵاو کردەوە. 

 

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپا، هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەمپی حیزبی دیموکرات لە  جێژنیکان و بالیسان و بە شهۆی هێرشەکە سێ کەس کوژراون و 5 کەسی دیکە برینداربوون.

 

بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپا، هێرشە لە تۆڵەی کوژرانی، مەهدی سەڵماسی، ئەندامی سوپای پاسداران بووە کە ساڵی 2017 لە پیراشار کوژراوە و دەشڵێت ئەو کەسانەی لە هێرشەکان کوژراون تاوانبارانی سەرەکی کوشتنی مەهدی سەڵماسین. 

 

بەڵام کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگەیێندراوەکەی سوپای پاسدارانی رەتکردەوە و بە رووداوی راگەیاند: “ئەو پێشمەرگانەی بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی شەهیدبوون لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەشدارنەبوون لە ساڵی 2020 بەدواوە هاتوونەتە ناو ریزەکانی حیزبەکە. یەکێکیان کوڕە پێشمەرگەیە و تەمەنی 17 ساڵە، لە نێو کەمپی مەدەنیدا بووە.”

 

ئەو بەرپرسەی حیزبی دیموکرات پێیوایە کۆماری ئیسلامی ئەو شتانە دەکاتە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان. گوتیشی: “بەهۆی هێرشەکانەوە 100 ماڵی سڤیل لە کەمپەکان زیانیان بەرکەوتووە.”

 

رۆژی هەینی 17ی نیسان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: “بە درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپی جێژنیکان لە سنووری قەزای بەحرکە لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا کوڕی پێشمەرگەیەک شەهید بووە و خۆیشی بریندار بووە، هەروەها بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر بارەگای حیزبەکەی لە سنووری سیدەکان لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا دوو کچە پێشمەرگە شەهید بوون و کچە پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بووە.”

 

رێکەوتنی عێراق و ئێران 

 

ئێران و عێراق لە 19ـی ئاداری 2023 رێککەوتنێکی ئەمنییان بۆ پاراستنی سنوورەکانی نێوانیان واژۆ کرد بە ئامانجی سنووردارکردنی چالاکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان. شەش مانگ دوای رێککەوتنەکە، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی ئێران و عێراق رۆژی 19ی ئەیلوولی 2023 رایگەیاند، “بارەگاکانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە نزیک سنووری ئێران بە تەواوی چۆڵکران و بۆ ناوچەیەکی دوور لە سنوور دوورخرانەوە و لە چەکیش داماڵدران.”





سەرچاوە

Related Posts