بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لە ئەوروپا رایانگەیاند، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی روو لە وڵاتانی سویسرا، نەمسا و بەریتانیا دەکەن بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش وەک لێکەوتەیەکی راستەوخۆی جەنگی ئێران و ئەو پەککەوتنەی لە جووڵەی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکاندا دروست بووە.
یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، ئەندرێ ئەشواندن، گوتەبێژی دەستەی گەشتیاریی سویسرا بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیای راگەیاند، گەشتیارانی ئاسیا لە مانگی ئاداری رابردوودا بەشێکی زۆری گرتنی پێشوەختەیان هەڵوەشاندووەتەوە، هۆکاری ئەمەش بۆ پەککەوتنی ئەو گەشتە ئاسمانییانە دەگەڕێتەوە کە بە ناوەندە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا تێدەپەڕن.
هەروەها گوتیشی: “ئەمە دۆخێکی زۆر ناخۆشە، بەتایبەت کە ئێستا وەرزی لوتکەی گەشتیارانی وڵاتانی کەنداو، هیندستان و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیایە بۆ ئەوروپا و سویسرا”.
کاریگەرییەکان لەسەر شاری زیوریخ
لەلایەکی دیکەوە، تۆماس ووتریخ، بەڕێوەبەری دەستەی گەشتیاریی زیوریخ، جەختی لەوە کردەوە، کاریگەرییەکانی جەنگەکە لە ناو شارەکەدا بە روونی هەستی پێدەکرێت، ئاماژەی بەوە کرد، کەرتەکانی میوانداری، فرۆشتنی وردە و خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان پاشەکشەیەکی ئاشکرایان لە ژمارەی گەشتیارانی نێودەوڵەتیدا تۆمار کردووە.
ووتریخ روونیکردەوە، “نەبوونی گەشتیارە نێودەوڵەتییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر زۆربەی چالاکییە گەشتیارییەکان دروست کردووە”.
ناڕوونی لەبارەی حیجزەکانی داهاتوو
بەڕێوەبەری گەشتیاریی زیوریخ ئاماژەی بەوەش کرد، تەمومژاویبوونی دۆخی گەشتە نێودەوڵەتییەکان هۆکاری سەرەکیی دابەزینی خواستە لەسەر گەشتکردن، گوتیشی، ئەم ترسی ناڕوونییە دەستی کردووە بە کاریگەری خستنە سەر گرتنی پێشوەختەی وەرزی هاوین و پاییزی داهاتووش.
ئەم پاشەکشەیەی کەرتی گەشتیاری ئەوروپا لە کاتێکدایە، ئەو وڵاتانە بۆ بووژانەوەی ئابوورییان تا رادەیەکی زۆر پشت بە گەشتیارانی بیانی دەبەستن، ئەمەش ئەڵەنگارییەکی گەورە دەخاتە بەردەم کەرتی گەشتیاری بۆ چاکبوونەوە و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی.










