فڕۆکەهەڵگری “یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد”ی ئەمریکی بە یاوەریی دوو کەشتیی جەنگی گەیشتەوە رێڕەوە ئاوییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندی بە فڕۆکەهەڵگری “ئەبراهام لینکۆڵن”ەوە کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی واشنتن و تاران لە پاکستان بەردەوامن.
تۆڕی “سی بی ئێس نیوز” لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، فڕۆکەهەڵگری “یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد” بە یاوەریی دوو کەشتیی تێکشکێنەر، گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاماژە بەوەش دراوە کە فڕۆکەهەڵگرەکە لە کەناڵی سوێسەوە بەرەو دەریای سوور پەڕیوەتەوە.
هاوکات ئاژانسی “بڵومبێرگ” لە زاری هەمان سەرچاوەوە گواستوویەتییەوە، “فۆرد” لە باکووری دەریای عەرەب پەیوەندی بە فڕۆکەهەڵگری “یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن”ەوە کردووە کە لەو ناوچەیەدا لە ئەرکدایە.
فڕۆکەهەڵگری “یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد” پێشتر و لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، بەهۆی سووتانی بەشێکی، ناچار بوو کارە جەنگییەکانی رابگرێت.
ئەم جووڵە سەربازییانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران. لە بەرانبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، جووڵەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و پێشێلکردنی ئاگربەست و هەڕەشەکردن لە کەناراوەکان، پێشێلکارییەکی روون و پەرەپێدانێکی “نابرپرسانەی” گرژییەکانە.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە دەچنە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، بۆ ئەوەی درێژە بە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بدەن.
ئێستا پاکستان هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە بۆ رزگارکردنی رێڕەوی دانوستانەکان. چاوەڕوان دەکرێت رۆژی سێشەممە یان چوارشەممە کۆبوونەوەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەبچن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێران بڕیاری کۆتایی نەداوە کە ئایا شاند رەوانەی گەڕی دووەمی دانوستانەکان دەکات یان نا.










