ئێرانجیهان

ئەمریکا و ئێران کۆدەبنەوە؟ چی بۆ رێککەوتن پێشنیاز کراوە؟

لە کاتێکی هەستیار و چارەنووسسازدا، جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوەڕوانیی دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تارانن.

 

پرسیار: ئەمریکا و ئێران جارێکی دیکە کۆدەبنەوە؟ بەرپرسەکانیان چی دەڵێن؟

وەڵام:

رۆژی یەکشەممە، 19ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “تروس سۆشیاڵ” رایگەیاند، شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بەرەو ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێکەوتوون، بە مەبەستی بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ شاندی ئێران، کە بڕیارە رۆژی سێشەممە، 21ی نیسانی 2026 بەڕێوە بچێت.

لە بەرانبەردا، ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەوەی رەتکردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی کرابێت لەبارەی بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ شاندی ئەمریکا لە پاکستان، و رایگەیاند کە “تاران هێشتا خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازەکانە”.

 

پرسیار: ئەندامانی هەردوو شاندەکە کێن؟ ئایا گەیشتوونەتە ئیسلامئاباد؟

وەڵام:

هەرچەندە بە فەرمی پێکهاتەی شاندەکان رانەگەیەندراوە، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی ئاژانسە هەواڵییەکان، هەمان ئەو دوو شاندەی گەڕی پێشوو جارێکی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبن، بەم شێوەیە:

  • شاندی ئەمریکا:

– جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا (سەرۆکی شاند).
– ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
– جارید کۆشنەر، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا.

– محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران (سەرۆکی شاند).
– عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.
– عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران (بۆ تاوتوێکردنی گەرەنتییە ئەمنییەکان).
– عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووری یان سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران (بۆ پرسی هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان).
– ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و شارەزایانی ئەتۆمیی ئێران.

بەگوێرەی میدیاکانی پاکستان، هێشتا شاندی دانوستانکاری ئەمریکا نەگەیشتوونەتە شوێنی مەبەست، بەڵام شاندێکی ئەمنیی ئەمریکی ماوەی دوو رۆژە لە ئیسلامئابادن و سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ کۆبوونەوەکە. سەبارەت بە شاندی ئێرانیش، تاوەکو ئێستا نەگەیشتوون.

 

پرسیار: ئەگەر کۆبوونەوەکە بکرێت، راستەوخۆ دەبێت یان ناڕاستەوخۆ؟

وەڵام:

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا و پاکستان، بە ئەگەری زۆرەوە ئەم کۆبوونەوەیەش هاوشێوەی گەڕی پێشوو، بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە نێوان هەردوو شاندی باڵای واشنتن و تاران، بە ئامادەبوونی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان وەک نێوەندگیر بەڕێوەدەچێت.

لە گەڕی رابردوودا، میدیاکانی ئەمریکا باسیان لەوە کردبوو کە قالیباف و جەی دی ڤانس تەوقەیەکی خێرای “سێ چرکەیی”ـیان کردووە، کە ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. هاوکات بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، لە دانیشتنەکاندا دەمەقاڵێیەکی تووند لە نێوان ستیڤ ویتکۆف و عەباس عێراقچیدا روویدابوو.

 

پرسیار: کۆبوونەوەکە لە کوێی ئیسلام ئاباد بەڕێوەدەچێت؟

وەڵام:

هاوشێوەی گەڕی رابردوو، حکوومەتی پاکستان بە تەواوی لقی ئیسلامئابادی زنجیرە هۆتێلی “سێرینا” (Serena Hotel)ـی بۆ شاندەکانی واشنتن و تاران تەرخان کردووە. سەرجەم میوانەکانی دیکەی هۆتێلەکە گواستراونەتەوە بۆ شوێنی دیکە، تاوەکو هۆتێلەکە ببێتە ناوەندێکی دیپلۆماسیی داخراو.

هۆتێلەکە یەکێکە لە ناوەندە پێنج ئەستێرەییە بەناوبانگەکانی پاکستان، خاوەنی 334 ژوور و 53 سویتە، و دیزاینەکەی ئاوێتەیەکە لە تەلارسازیی رەسەنی ئیسلامی و مۆدێرن. بۆ پاراستنی شاندەکان، هێزە ئەمنییەکانی پاکستان بازنەیەکی ئەمنیی سێ کیلۆمەترییان لە دەوری هۆتێلەکە دروست کردووە و هاتوچۆیان بە تەواوی قەدەغە کردووە.

 

پرسیار: بۆچی کۆبوونەوەکە رۆژی سێشەممە دەکرێت؟

وەڵام:

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، دیاریکردنی رۆژی سێشەممە (21ی نیسان) هەستیارە، چونکە رۆژی چوارشەممە (22ی نیسان) ماوەی ئەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە کۆتایی دێت کە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا راگەیەندراوە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، رۆژی دواتر پێکدادانە سەربازییەکان و جەنگ دەست پێدەکاتەوە.

هاوکات ترەمپ هۆشداریی تووندی داوە؛ ئەگەر ئەمجارە تاران پێشنیازەکانی واشنتن قبووڵ نەکات، ئەوا هێزەکانی ئەمریکا هەموو پرد و ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئێران، بەتایبەت وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگە نەوتییەکان وێران دەکەن.

 

پرسیار: هەڵوێستی ئیسرائیل چییە؟

وەڵام:

وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامی دانوستانەکان یان ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (19ی نیسانی 2026)، کابینەی جەنگیی حکوومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ کۆبووەوە، و چاوەڕێ دەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەش (20ی نیسان) جارێکی دیکە کۆببنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە.

دوێنێ یەکشەممە، ناتانیاهۆ لە کاتی پێشوازیکردن لە سەرۆکی ئەرجەنتین دووپاتی کردەوە کە جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران کۆتایی نەهاتووە، و هۆشداریی دا کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا پێشهاتێکی نوێ رووبدات و بەریەککەوتنی سەربازی دەستپێبکاتەوە.

 

پرسیار: ئەو خاڵانەی بۆ رێککەوتن پێشنیاز کراون چین؟

وەڵام:

تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە؛ بەتایبەتی ئەو کۆگایەی کە نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60% تێدایە. ئەگەر ئەم ماددەیە تا ئاستی سەربازی (90%) بپیتێندرێت، دەکرێت بۆ دروستکردنی چەندین چەکی ئەتۆمی بەکاربهێندرێت.

 

  • بژاردە پێشنیازکراوەکان بۆ مامەڵەکردن بەم یۆرانیۆمە بریتین لە:

– بژاردەی دڵخوازی ئەمریکا: “کەمکردنەوەی چڕیی یۆرانیۆمەکە لە ناوخۆی ئێران و بە چاودێریی توندی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی.
– گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە بۆ دەرەوەی ئێران: تورکیا، رووسیا، پاکستان یان فەرەنسا وەک وڵاتی خانەخوێ پێشنیاز کراون.
– گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە بۆ ئەمریکا (کە ئێران رەتیدەکاتەوە).
– پێشنیازی ئێران: هەڵگرتنی ماددەکان لە وڵاتێکی سێیەم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، تاوەکو گەرەنتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکرێت.

 

  •  هێڵە سوورەکانی واشنتن (بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ):

– راگرتنی دەستبەجێی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم.
– هەڵوەشاندنەوە یان لەکارخستنی دامەزراوە گەورەکانی پیتاندن (وەک فۆردۆ و نەتەنز).
– رادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێندراوە بەرزەکە.
– قبووڵکردنی رێککەوتنێکی ئەمنیی بەرفراوان کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی (بەتایبەت ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو) بپارێزێت.

 

  • پرسی سزا و گەرەنتییە ئەمنییەکان:

داواکاریی ئێران: تاران دەیەوێت بە خێرایی سزاکانی سەر کەرتی وزە و بانکی هەڵبگیرێن و دەستی بگاتەوە بەو ملیاران دۆلارەی لە دەرەوەی وڵات سڕکراون. هەروەها داوای گەرەنتییەکی یاسایی و ئەمنی دەکات کە جارێکی دیکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرشی نەکرێتە سەر.

داواکاریی وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل: وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە گوشار دەکەن بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە پرسی مووشەکە بالیستییەکان و درۆنەکانی ئێران و پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکانی وەک حووسییەکان و حیزبوڵڵا بگرێتەوە. لە هەمان کاتدا ئیسرائیل توندترین هەڵوێستی هەیە و گوشار دەکات بۆ سەپاندنی زۆرترین سنووردارکردن و بێهێزکردنی توانای سەربازیی ئێران.

سەرچاوە

Related Posts