ئێرانجیهان

سەرۆکی دەزگای دادی ئێران: دووژمن داوای دانوستاندن…


سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی “تەنانەت یەک بست” لە ماف و داواکارییەکانی خەڵکی ئێران پاشەکشەی نەکردووە و ئێستا “دووژمن داوای دانوستاندن دەکات.”

 

غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی دادوەری ئاماژەی بە رووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای ئەسفەهان کرد و گوتی: “ئەوەی لە ئەسفەهان بەرامبەر هێزە ئەمریکییەکان روویدا، تەنیا فەزڵ و بەزەیی خودا بوو. کەی بینراوە نەک یەک کەشتی، بەڵکو چەندین کەشتیی جەنگیی ئەمریکا تەنیا بە ئاگادارکردنەوەیەک پاشەکشە بکەن؟ ئەمە رووداوێکی ئاسایی نییە.”

 

سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ستایشی “یەکگرتوویی خەڵکی ئێران”ی کرد لە بەرامبەر هێرشەکاندا و رایگەیاند، هەموو چین و توێژەکان “پێکەوە لە مەیدان بوون” بۆ بەرگری لە وڵات، کە بە گوتەی ئەو، نموونەی ئەم هاوئاهەنگییە لە جیهاندا نییە.

 

لەبارەی دۆخی نێوخۆیی و کاری دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵات، ئێژەیی باسی لەوە کرد لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییان مۆڵەتیان پێدراوە تاوەکو لەگەڵ خەڵک و خێزانەکانیان بن؛ هەروەها باسی لەوە کرد کە دەسەڵاتی داد لە هەموو بوارەکاندا هاوکاریی تەواوی حکومەتی کردووە بۆ تێپەڕاندنی دۆخی نائاسایی و یەکلاییکردنەوەی دۆسییە هەنووکەییەکان.

 

ئەم قسانەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادی لە کاتێکدایە، ئێران یەکێک لە سەختترین قۆناخەکانی مێژووی خۆی تێدەپەڕێنێت، کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، قەبارەی زیانە گیانی و مادییەکان بەم شێوەیەیە:

 

لە سەرەتای “جەنگی رەمەزان”ـەوە تاوەکو 9ی نیسانی 2026، 3 هەزار و 375 کەس کوژراون. بەهۆی بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتوو و بەهێز، تەرمی 40%ی قوربانییەکان لە سەرەتادا شێواو بوون و نەدەناسرانەوە، تاوەکو ئێستاش 4 تەرم بەهۆی سەختیی پێکانەکەیانەوە ناسنامەیان دیار نییە. 

 

محەممەد سادق موعتەمەدیان، پارێزگاری تاران، لە گەشتێکی مەیدانیی باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان بۆ نەخۆشخانەی “گاندی”، ئاشکرای کرد کە بەشێکی زۆری ناوەندە تەندروستی، فێرکاری، ئایینی و مێژووییەکانی وڵات لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئەمریکادا وێران بوون.





سەرچاوە

Related Posts