دووشەممە 20ی نیسانی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لەمیدیاکانەوە سەرۆکی حزبێک باسی ئەوەی کردووە کە هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەییە و هەروەها لەپەیوەندی بە دەنگۆی ناردنی چەکی ئەمەریکی کۆمەڵێک چەواشەکاری کردوون.
پێشەوا هەورامانی دەشڵیت: لای هەمووان ڕوونە حکوومەتی هەرێمی کوردستان حکوومەتێکی دەستووری دانپێدانراوی فیدراڵییەو بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و ڕەنجی خەڵکی کوردستانە. هەرچەندە هەوڵی بەردەوام هەبوون بۆ بەدوو ئیدارەیی کردنی، بەڵام ڕێگا بەوە نادەین و ئەو هەوڵە سەرناگرێت.
لە بارەی ئەو چەکانەی گوایە باس دەکرێت لە لایەن ئەمریکاوە بە لایەنێکی کوردی دراوە سەرۆکی ئەو حزبە خۆی بێ بەری دەکات و لایەنی دیکە تاوانبار دەکات و لەڕاگەیاندنەکانییانەوە خەریکی چەواشەکارین.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر ئەمەریکییەکان چەکیان بە لایەنێک دابێت خۆیان دەزانن بە چ لایەنێکیان داوە و درەنگ یان زوو ڕاستییەکەی بۆ هەموو لایەک ڕوون دەبێتەوە و پێویست بەو هەموو چەواشەکارییە نییە.
دەشڵێت: سەرۆکی ئەو حزبە مافی ئەوەی نییە لە جیاتی دەزگا فەرمیەکان قسە بکات و قسەکانیشی ناڕاست بن و چاوەرێ بێت بەم شێوەیە گومان لە سەر خۆی و دارو دەستەکەی لا ببات.
نوێ دەکرێتەوە










