سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران هۆشداریی تووند دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند، گەمارۆدانی بەندەرەکانی وڵاتەکەی و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان بە مانای شکاندنی ئاگربەست و “تاوانی جەنگ” دێت. دەشڵێت: “ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان زۆرە.”
غوڵامحوسێن موحسنی ئێژەیی، سەرۆکی دەدەسەڵاتی دادی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دادوەری رایگەیاند، ئەمریکا بە گەمارۆدانی کەناراوەکانی ئێران و هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای عومان، هەموو بنەماکانی ئاگربەستی پێشێل کردووە و “ئەم شەڕانگێزییە بەبێ وەڵام نابێت.”
ئێژەیی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ئارادایە و پێویستە هێزەکان لە ئامادەباشیی تەواودا بن، چونکە “رەنگە دانوستاندنەکان بە هیچ ئەنجامێک نەگەن.”
لەبارەی دۆخی ناوخۆی ئێرانیشەوە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری رایگەیاند، دۆسیەی ئەو کەسانەی “دژی ئاسایش” کار دەکەن بە خێرایی و بەبێ رێکارە کارگێڕییە ئاڵۆزەکان یەکلایی دەکرێتەوە و سزای یاسایی دەدرێن.
دۆخی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر رۆیشتووە، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا چاودێرییەکی تووندیان خستووەتە سەر بەندەرە ستراتیژییەکانی باشووری ئێران، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە گەیشتنی هەر هاوکارییەکی سەربازی یان هەناردەکردنی نەوت کە وەک سووتەمەنیی شەڕ دەبینرێت.
لە کاتێکدا باس لە ئاگربەستێکی کاتی دەکرا، بەڵام لە 21ی نیسان تاران ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی لە دەریای عومان هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی، ئەمەش وەک “کۆتاییهێنان بە ئاگربەست” لەلایەن بەرپرسانی سەربازیی ئێرانەوە لێکدرایەوە.
دوای ئەو زنجیرە هێرشە ئاسمانییانەی پێشتر کرانە سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، ئێستا بە گوتەی بەرپرسانی سەربازیی ئێران سوپای پاسداران و ئەرتەشی وڵاتەکەیان لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی نوێی ئیسرائیل کە پێشبینی دەکرێت پێگە ئابوورییەکانیان بکاتە ئامانج.
نێوەندگیرەکان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئاگربەستەکەی 8ی نیسان درێژ بکرێتەوە، کە سبەی کۆتایی دێت، بەڵام ئێژەیی بە راشکاوی باسی لەوە کردووە کە “مەزەندە دەکرێت دانوستاندنەکان نەگەنە ئەنجام.”










