ئێرانجیهان

بەنیاز نیم ئاگربەست درێژ بکەمەوە

سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی سوپای وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لە ئەگەری رێکنەکەوتن ئاشکرا دەکات. هاوکات پێشبینی دەکات تاران ناچار بێت شاندێک بۆ دانوستان رەوانە بکات و لە کۆتاییدا بگەنە رێککەوتنێکی مەزن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی “سی ئێن بی سی” رایگەیاند، واشنتن لە پێگەیەکی بەهێزی دانوستاندایە و کێشەکان لەگەڵ ئێران بە رێککەوتنێکی مەزن کۆتاییان دێت.

ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، تاران هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا نییە جگە لە ناردنی شاندێک بۆ دانوستان. روونیشی کردەوە، کاتێک ئێرانییەکان دوو رۆژ پێش ئێستا گوتیان شاند نانێرن، وەڵامی ئەمریکا ئەوە بوو حەتمەن شاندەکە دەنێرن.

سەرۆک جەختی لەوە کردەوە، گەمارۆکانیان زۆر سەرکەوتوو بوون. ئەوەشی خستە روو، “مامەڵە لەگەڵ کەسانی باش ناکەین، بەڵام زۆر بە سەرکەوتوویی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین و ئێمە لە رژێمی ئێران توندترین و مامەڵەکردن لەگەڵماندا سەختترە.”

لەبارەی ئاگربەستەکەوە، ترەمپ رایگەیاند، کاتی زۆریان لەبەردەستدا نییە بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە و بەنیاز نییە درێژی بکاتەوە. گوتیشی، “چەکەکانمان ئامادەن و بە تەواوی ئامادەین، من ئامادەم و سوپاش ئامادەیە بۆ جووڵەکردن دژی ئێران.”

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئێران هەوڵ دەدات مووشەکەکانی بگوازێتەوە و پێگەکانیان بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی سوپای ئەمریکا زۆربەیانی تێکشکاندووە. 

روونیشی کردەوە، ئەم ماوەیەیان قۆستووەتەوە بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک و پێدەچێت تارانیش هەمان کاری کردبێت. لە کۆتاییشدا ستایشی هێزەکانی وڵاتەکەی کرد و ئەنجامەکانیانی لە ئێران بە شتێکی باوەڕپێنەکراو وەسف کرد.

نوێ دەکرێتەوە.. 

سەرچاوە

Related Posts