وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەمارۆ دەریاییەکانی دۆناڵد ترەمپ و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان، پەردەیان لەسەر کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە لاداوە؛ دەشڵێت ئەوەی ئەمریکا دەیکات راگەیاندنی جەنگە.
سێشەممە 21ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و رایگەیاند، واشنتن لە رێگەی گەمارۆدانی بەندەرەکان و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان، بە کردەیی ئاگربەستی نێوانیانی پێشێل کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران نووسیویەتی: “گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران کردەوەیەکی جەنگییە و بەو هۆیەشەوە پێشێلکردنی ئاگربەستە.” ئەمە وەک وەڵامێکی راستەوخۆ دەبینرێت بۆ ئەو گەمارۆ دەریاییە توندەی کە دۆناڵد ترەمپ بەسەر کەناراوەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی.
عێراقچی ئاماژەی بە رووداوی دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی بارهەڵگری (تۆسکا) کرد لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە و گوتی: “هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانی و بە بارمتەگرتنی تیمەکە، پێشێلکارییەکی گەورەتر و مەترسیدارترە.”
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دایە واشنتن و رایگەیاند: “ئێران دەزانێت چۆن ئەو سنووردارکردنانە پووچەڵ بکاتەوە و چۆن بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات. ئێمە دەزانین چۆن لە بەرامبەر زۆرداری دا بوەستینەوە.”










