لە نوێترین هەنگاویدا بۆ ناچارکردنی عێراق تاوەکو لایەنگریی خۆی لە نێوان تاران و واشنتن یەکلا بکاتەوە، بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوکارییە داراییەکان و هەماهەنگییە ئەمنییەکانی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕاگرت. ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەردەوامیی هێرشی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دێت.
سێشەممە 21ی نیسانی 2026، بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بەرپرسانی عێراقی پشتڕاستیان کردووەتەوە واشنتن تەواوی پاڵپشتییە دارایی و سەربازییەکانی بۆ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق هەڵپەساردووە.
ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەش کردووە، حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری ئەمنیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەم بڕینە تاوەکو کاتی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ بەردەوام دەبێت.
لە ڕاپۆرتەکەیدا هاتووە، بەرپرسان لە وەزارەتی بەرگریی عێراق هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر، پەککەوتنی پاڵپشتییە لۆجستییەکان بۆ فڕۆکە جەنگییەکان، ڕاگرتنی تەواوی ئەو خولە سەربازییانەی کە لەلایەن ئەفسەرانی ئەمریکییەوە سەرپەرشتی دەکران و لاوازبوونی هەماهەنگییەکان بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی داعش.
تۆماس پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان چیتر بەرگەی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ناگرێت و چاوەڕوان دەکات حکوومەتی عێراق دەستبەجێ هەموو ڕێکارەکان بگرێتە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە میلیشیایانەی کە هاوپەیمانی ئێرانن.
ئەم توندکردنەوەیەی هەڵوێستی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە چەندین جار باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بنکە سەربازییەکان و فڕۆکەخانەیەکی نزیک لە بنکەیەکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن میلیشیاکانەوە کرانە ئامانج.
بەشێکی دیکەی فشارەکانی ئەمریکا پەیوەستە بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق. ترەمپ هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر “نووری مالیکی” بگەڕێتەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەوا ئەمریکا بە تەواوی پشتیوانییەکانی بۆ عێراق دەکێشێتەوە. مالیکی لە بەرانبەردا ئەمەی بە “دەستوەردانی ئاشکرای ئەمریکا” وەسف کردووە.
ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا تەنیا چەند ڕۆژێک دوای سەردانە نهێنییەکەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ بەغدا دێت. قائانی ڕایگەیاندووە، کە دیاریکردنی سەرۆک وەزیران تەنیا بڕیارێکی عێراقییە و داوای کرد تاوانبارانی دژە مرۆڤایەتی دەست لە کاروباری عێراق وەرنەدەن.
پسپۆڕانی جیۆپۆلەتیکی هۆشداری دەدەن کە فشارە توندەکانی ئەمریکا بۆ دوورخستنەوەی میلیشیاکان ڕەنگە ببێتە هۆی داڕمانی عێراق، چونکە ئەم گرووپە چەکدارانە ئێستا بە تەواوی لە ناو دامەزراوە سەربازی، سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتدا تێکەڵ بوون.
نوێ دەکرێتەوە










