ئێرانجیهان

سبەی ئێران بەشداری لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد ناکات

ئاژانسی هەوڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، شاندی دانوستانکاری ئێران بە فەرمی لایەنی پاکستانی ئاگادار کردووەتەوە کە سبەی چوارشەممە لە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد ئامادە نابێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تاران پڕۆسەکە بە “بێسوود” و “کات کوشتن” وەسف دەکات.

سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی “تەسنیم”، لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، کە بڕیاری ئێران بۆ بەشدارینەکردن لە دانوستانەکانی سبەی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان کۆتاییە.

بە پێی ئاژانسەکە، تاران لە رێگەی نێوەندگیریی پاکستانییەوە لایەنی ئەمریکی ئاگادار کردووەتەوە کە ئێستا هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ بەشداری لەم گفتوگۆیانەدا نابینێت.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کرد، ئێران پێشتر لەسەر بنەمای چوارچێوەیەکی 10 خاڵیی کە لەلایەن پاکستانەوە پێشنیار کرابوو، ئاگربەست و دانوستانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ قبووڵ کردبوو، بەڵام لایەنی ئەمریکی دەستبەجێ دەستی بە پێشێلکردنی بەڵێنەکانی کردووە.

باس لەوەش دەکەن، کە یەکێک لە پێشێلکارییە سەرەکییەکان، جێبەجێنەکردنی ئاگربەست بووە لە لوبنان لە لایەن ئیسرائیلەوە، کە وابڕیار بوو ئەمریکا ئەو فشارە دروست بکات. هەروەها لە گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد، لایەنی ئەمریکی کۆمەڵێک داواکاری و “زیادەڕەوی” خستووەتە ڕوو کە بە تەواوی پێچەوانەی رێککەوتنی سەرەتایی بووە، ئەمەش وای کردووە پڕۆسەکە بگاتە بنبەست.

لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە، دوای ئەوەی ئێران بە پێی ڕێککەوتنە سەرەتاییەکە گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا کردەوە، ئەمریکا نەک هەر هەنگاوی هاوشێوەی نەنا، بەڵکو بەردەوام بوو لە گەمارۆ دەریاییەکان.

سەرچاوە ئێرانییەکان جەخت دەکەنەوە، کە لە پەیامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی چەند رۆژی رابردوودا، واشنتن ئامادە نەبووە لە داواکارییە “دژە مافەکانی گەلی ئێران” پاشەکشە بکات. لەبەر ئەوە، تاران گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ئامادەبوون لە دانوستانی سبەینێ تەنیا جۆرێکە لە کاتکووشتن ” بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا، هەر بۆیە بۆ پاراستنی مافە نیشتمانییەکانی، سبەی لە پاکستان ئامادە نابێت.

گەڕی یەکەمی دانوستان لە 11ـی نیسان لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە چوو، بەڵام بەهۆی بوونی کۆمەڵێک جیاوازیی قووڵ لە دیدگای هەردوولادا، نەتوانرا رێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان واژۆ بکرێت.

سەرچاوە

Related Posts