دەسەڵاتی دادی ئێران بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ بۆ لە سێدارەدانی 8 ژن رەت دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ی نیسانی 2026، دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە:” بانگەشەی ترەمپ بەوەی کە 8 ژن لە ئێران نزیکن لە لەسێدارەدان، دوورە لە راستییەوە.”
دەسەڵاتی دادی ئێران باس لەوە دەکات: “بەشێک لەو ژنانە ئازاد کراون و بەشێکیان رووبەڕووی هەندێک تۆمەت کراونەتەوە کە ئەگەر لەلایەن دادگاوە پشتڕاست بکرێتەوە، دواجار سزای بەندکردنیان بەسەردا دەسەپێت.”
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند:”بۆ ئەو سەرکردانەی ئێران کە بەم زووانە لەگەڵ نوێنەرانم دانوستاندن دەکەن، زۆر سوپاسگوزار دەبم بۆ ئازادکردنی ئەو ژنانە. تکایە زیانیان پێ مەگەیەنن. ئەمە سەرەتایەکی زۆر باش دەبێت بۆ دانوستاندنەکانمان”.
ئەو هەشت ژنە بریتیین لە بیتا هیمەتی، غەزال قەلەندەری، گوڵناز نەراقی، ڤینوس حوسێن نەژاد، پەنا موحیدی، ئەنیسە نەجاتی، مەحبووبە شەعبانی و دیانا تاهیر ئابادی.










