لە کاتێکی زۆر کورتدا کە ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆ کراوەیە، 8 کەشتیی بارهەڵگری توانییان لەو گەرووە دەربازییان ببێت، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، ئێران دووبارە رێڕەوەکەی داخستەوە و چوار کەشتیی دیکەی ناچار کرد بگەڕێنەوە.
چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی راوێژکاری “لاینەرلیتیکا” (Linerlytica)، شەش کەشتی لەو هەشت کەشتییەی هەڵاتوون، سەر بە کۆمپانیای گەورەی (MSC) بوون، گەورەترینیان کەشتی (MSC Clara) بوو کە بارستاییەکەی 19 هەزار و 224 کۆنتێنەرە، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەوەی لەلایەن هێزە دەریایییەکانەوە دەستنیشان نەکرێن، زۆربەی ئەم کەشتییانە ئامێرەکانی پەیوەندی و نیشاندانی شوێنی خۆیان (Transponders) کوژاندبووەوە.
ئەم هەڵاتنە کاتێکی زۆری نەخایاند، دوای ئەوەی هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا لە 20ـی نیسان دەستیان بەسەر کەشتیی ئێرانی (Touska)دا گرت کە بەرەو بەندەر عەباس دەچوو، سوپای ئێران جارێکی دیکە داخستنی گەرووی هورمزی راگەیاند، ئەمەش وایکرد چوار کەشتیی کۆمپانیای (CMA CGM) نەتوانن دەربچن و ناچار بوون بگەڕێنەوە بۆ ناو کەنداو.
سەرەڕای ئەم ئابڵۆقە و گرژییانە، بازاڕی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا دووچاری دۆخێکی نالەبار بووە:
1- هێڵی ئاسیا – ئەوروپا: نرخەکانی گواستنەوە خەریکە دادەبەزن، چونکە خواست لەسەر کاڵاکان کەم بووەتەوە و کۆمپانیاکانی وەک “مێرسک” نەیانتوانیوە نرخەکان بە بەرزی بهێڵنەوە.
2- هێڵی زەریای هێمن: بە پێچەوانەوە، نرخەکانی گواستنەوە لە ئاسیاوە بۆ ئەمریکا بۆ چوارەم هەفتە لەسەریەک روویان لە بەرزبوونەوە کردووە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، ئابڵۆقەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوامە، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لانیکەم 7 کەشتیی پەیوەندیدار بە ئێران توانیویانە لە هەفتەی رابردوودا ئەو ئابڵۆقەیە ببڕن و هاتوچۆ بکەن.










