ئێرانجیهان

ئێران درێژکردنەوەی ئاگربەست بە تەڵە دەزانێت

ئاژانسێکی هەواڵیی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت، درێژکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە نیشانەی دۆڕانە و واشنتن دەشیەوێت بە کەمترین زیان لە شەڕەکە بێتە دەرەوە. هاوکات پێنج پەیام لەبارەی هەنگاوەکە بڵاودەکاتەوە و بە “تەڵە و فێڵ” ناوی دەبات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی “تەسنیم”ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردەوە، هەنگاوەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست بەبێ دیاریکردنی کات، نیشانەی ئەوەیە ئەمریکا لە شەڕەکەدا دۆڕاوە و دەیەوێت بە کەمترین زیان لێی دەرچێت. 

ئاژانسەکە لە راپۆرتەکەیدا پێنج پەیام لەبارەی پلانەکەی ترەمپ خستووەتە روو و ئاماژەی بەوە کردووە، یەکەم خاڵ ئەوەیە ئێران هیچ داواکارییەکی فەرمیی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست پێشکەش نەکردووە و ئەمە هەنگاوێکی تاکی واشنتنە.

لە خاڵی دووەمدا روونیشی کردەوە، لەوانەیە ئەم ئاگربەستە فێڵێکی سەرۆکی ئەمریکا بێت بۆ رەخساندنی هەل بۆ ئیسرائیل تاوەکوو کردەوەی تیرۆریستی بکات. بۆ خاڵی سێیەمیش تاران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، ناتوانێت بە تەنیا لە شەڕ رابکات و ئیسرائیل لەنێو پێکدادانەکاندا دژ بە ئێران و لوبنان بەجێ بهێڵێت.

ئاژانسە ئێرانییەکە لە خاڵی چوارەمدا دەڵێت، تاوەکوو گەمارۆی دەریایی لەسەر تاران بەردەوام بێت، گەرووی هۆرمز بە رووی کەشتییەکاندا ناکرێتەوە و ئەگەر پێویست بکات بە هێز گەمارۆکە تێکدەشکێنن.

 لە کۆتا خاڵیشدا ئەوەشی خستە روو، ئێران پێی وایە واشنتن دەیەوێت سێبەری شەڕ بەسەر ئابووریی وڵاتەکەیەوە بهێڵێتەوە، بەڵام کۆنترۆڵکردنی گەرووی هۆرمز لەلایەن تارانەوە هاوکێشەکەی گۆڕیوە.

ترەمپ لە رێگەی پەیامێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ترووس سۆشیاڵ” درێژکردنەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران بۆ کاتێکی نادیار درێژ کردەوە. 

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوەی لەسەر داواکاریی پاکستان ناوە بۆ ئەوەی دەرفەت بە گفتوگۆکان بدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، واشنتن جەختی لە بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر تاران کردەوە تاوەکوو گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر.

 ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت تاران رایگەیاندبوو، بەشداری لە گەڕی دووەمی گفتوگۆکان لە ئیسلام ئاباد ناکات بەهۆی ئەوەی ئەمریکا مەرجی نوێی سەپاندووە.

سەرچاوە

Related Posts