ئێرانجیهان

نێوەندگیرە پاکستانییەکان ئاماژەی ئەرێنییان لە ئێرانەوە پێ گەیشتووە

دوای بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست، پاکستان ئاشکرای دەکات، کە نێوەندگیرەکانیان ئاماژەی ئەرێنییان لە تارانەوە پێ گەیشتووە و پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گەڕێکی نوێی دانوستانەکان دەست پێبکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ـی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی پاکستانییەوە بڵاوی کردەوە، “ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا گەڕی دووەمی دانوستانەکان بەڕێوە بچێت.”

ئەو بەرپرسە پاکستانییە ئاماژەی بەوە کرد، “دوای بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە، نێوەندگیرە پاکستانییەکان ئاماژەی ئەرێنییان لە تارانەوە بە دەست گەیشتووە.”

دوێنێ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 28ـی شوباتیئەمساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە بۆردوومانکردنی چەند ئامانجێک لە ناوخۆی ئێران کرد، کە بەهۆیەوە زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژران. دواتر لە 8ـی نیسانی ئەمساڵدا، واشنتون و تاران ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی دوو هەفتە راگەیاند.

سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆکانی پێشوو لە ئیسلام ئاباد بەبێ گەیشتن بە هیچ ئەنجامێک کۆتاییان هات، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ راپۆرتێک لەبارەی دەستپێکردنەوەی جەنگ و پێکدادانەکان بڵاو نەکراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرە دەریاییەکانی ئێران.

سەرچاوە

Related Posts